مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران - وێنە؛ تەسنیم
تازە ئاشکرادەکرێ
پزیشکیان لەهێرشێکی ئیسرائیل قاچی بریندار بووە
964+
ئەحمەد مستەفا
تازە هەواڵ دێت و ئاشکرادەبێ، بەهۆی هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی لە تاران، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران قاچی بریندار بووە.
ماوەی 12 رۆژ هێرشی ئاسمانی لەنێوان ئێران و ئیسرائیل روویدا، رۆژی 27.6.2025 بە زارەکی ئاگربەست راگەیەندرا ئەو زیانەی بەر کەسایەتی سەربازی و ئەکادیمی ئێران کەوت زیاتر بووە لە زیانەکانی ئیسرائیل.
ئاژانسی هەواڵی فارس لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، مەسعود پزیشکیان لە هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران قاچێکی بریندار بووە.
ئاژانسەکە لە بارەی رۆژی هێرشەکە نوسیوویەتی، هێرشەکە لە 16ـی مانگی رابردوو بووە و برینی پزیشکیانیش سووکە.
لەو کوشتن و بڕینەی ئێران و ئیسرائیل بە یەکیان کرد، لە هەردوو وڵاتەکە نۆ هەزار و 202 کەس کوژراون یان برینداربوون، ئەوەش بەهۆی هێرشەکانی 12 رۆژی رابردووی شەڕەوە.
موشەک دەهات و دەچوو، درۆن و فڕۆکەی جەنگی و هەرەشە و گورەشە و چاو سوورکردنەوە، ئاخرییەکەی بە زیانێکی زۆری گیانی و مادی، گەشتن بە ئاگربەست و هەردووکیشیان خۆیان بە براوە ئەزانن، لە کاتێکدا ئەو قەسابخانەیان خوڵقاندووە.
بەشێک لەو کەسانە کەسانی پلەداری سەربازی، زانا ئەتۆمی و مامۆستای زانکۆ و بەرپرس و سەرباز بوون کە گیانیان لەدەستداوە، ماباقی هاوڵاتی ئاسایی، بەڵام زیانی گیانی ئێران لەم شەرەدا زۆرتر بووە.
لە پاش راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان وەزارەتەکانی تەندروستیی هەردوو وڵاتەکە، ئاماری کوژرا و بریندارانیان لە 12 رۆژ شەڕ بڵاوکردەوە، لەو 12 رۆژەدا، پێنج هەزار و 936 کەس لە ئێران کوژران و برینداربوون، لەبەرامبەردا لە ئیسرائیل سێ هەزار و 266 کەس کوژراون یان برینداربوون.