ئێران مووشەكبارانی كرد

ئەمریكا دانی پێدانا: بنكەی ئەلعودەید لە قەتەڕ زیانی بەركەوتووە

964+
ئەرسەلان عەبدوڵا

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا دانی بەوەدانا کە مووشەکێکی بالستیکی ئێرانی لە کاتی هێرشەکەی ئێران لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوودا بنکەی ئاسمانی ئەلعودەید لە قەتەری داوە و زیانی پێگەیاندووە.

ئەم لێدوانەی شۆن پارنێل دوای ئەوە هات کە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس وێنەی مانگی دەستکردی بڵاوکردەوە کە تێیدا زیانەکانی هێرشەکە نیشان دەدات، کە سەرۆکی ئەمریكا دۆناڵدۆ ترەمپ ئەوكات رایگەیاند، بنكەكە زیانێكی ئەوتۆی بەرنەكەوتووە.

بەپێی وێنەی مانگە دەستکردەکان، کە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشێتد پرێس رۆژی هەینی شیکاریان کردووە، هێرشی ئێران بۆ سەر بنکەی ئاسمانی ئەلعودەید لە قەتەر بەر ئامێرێکی سێگۆشەیی نیشتەجێبوونی قوبە كەوتووە، کە ئەمریکییەکان بۆ پەیوەندییە ئەمنییەکان بەکاری دەهێنن.

لە 13 تا 24ی حوزیرانی رابردوو شەڕێكی قورس لە نێوان ئیسرائیل و ئێران روویدا و لە رۆژانی كۆتاییش ئەمریكا هاتە ناوشەڕەكە و سێ بنكەی ئەتۆمی لە ئێران بۆردومان كرد، لە وەڵامی ئەمەدا ئێران بنكەی سەربازیی ئەلعودەیدی لە قەتەڕ بۆردومان كرد.