له تووەسپيش هەڵمەتێکى ژینگەپارێزى بەڕێوەچوو
زیادەڕۆییەكانى چەمچەماڵ لەسەر سکاڵای هاوڵاتییان لابران
964+
محەمەد فاتیح
لەسەر سکاڵای هاوڵاتییان هەڵمەتێک بۆ لابردنى زیادەڕۆيى ناو كۆڵانەكان و رێکخستنەوەى ناوبازاڕى چەمچەماڵ جێبەجێ كرا، لە سنوورى شارەوانیی تووەسپيش هەڵمەتێکى ژینگەپارێزى بەڕێوەچوو.
هۆبەى زیادەڕۆيى سەرۆکایەتیى شارەوانیى چەمچەماڵ بە هەماهەنگى بنکەى پۆلیسى ئاسایش و بنکەى پۆلیسى شارەوانى، هەڵمەتێکیان بۆ لابردنى زیادەڕۆيى گەڕەکەکان و رێکخستنەوەى ناوبازاڕى قەزاکە جێبەجێکرد.
سەرۆکایەتیى شارەوانیى چەمچەماڵ لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت، “هەر لە چوارچێوەى هەڵمەتەکەدا و لەسەر بنەماى ساکاڵاى بەشێک لە هاوڵاتییان، تیمەکانى شارەوانى چەند تاسەیەکى کۆنکرێتى کۆڵان و گەڕەکەکانیان لابرد، کە بە شێوەیەکى ناسایى و لە دەرەوەى رێنماییەکانى هاتوچۆ دروستکرابوون”.
وتيشى، “ئەم هەنگاوە کارئاسانى بۆ هاتوچۆى هاوڵاتییان دەکات و لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدایە و هەڵمەتەکە بەردەوامى دەبێت، لە داهاتوودا سەرجەم زیادەڕۆییەکان لادەبرێن”.
“لەلایەكی دیكەوە هەڵمەتێکى ژینگەپارێزى لە سنوورى شارەوانیى تووەسپى بەڕێوەچوو، هەڵمەتەکە خۆى لە هەڵگرتنەوەى خۆڵ و خاشاک و پاککردنەوەى رێگەوبانى تووەسپى بینییەوە، کە لەلایەن ژمارەیەک ژینگەپارێزەوە جێبەجێکرا”.