هەواڵەکانی وەرزش

جەماوەری یانەی زاخۆ ئیسپاتیان كرد جیهانین و یانەی ریال مەدریدیش تووشی كێشە بووە

جەماوەری یانەی زاخۆ ئیسپاتیان كرد جیهانین و لە چوارچێوەیەكی فراواندا بیر دەكەنەوە، ئەوەتا شەوی رابردوو لە یاریی یانەكەیان بەرامبەر یانەی نەورۆز لە جامی عێراق، تیفۆیەكی سەرنجڕاكێش و تایبەتیان نمایش كرد، كە تایبەت بوو بە گیانلەدەستدانی یاریزانی یانەی لیڤەرپوول و هەڵبژاردەی پۆرتوگال دیێگۆ جۆتا.
جەماوەری زاخۆ بە هەرسێ زمانی كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی لەسەر تیفۆكە نووسیبوویان، جۆتا، مردن بە جەستە تۆی ون كرد، بەڵام هەتاهەتا لە دڵماندا دەمێنیتەوە.
تیفۆیەكانی هاندەرە ئۆلتراسەكانی زاخۆ دوو ساڵ لەسەر ئاستی جیهان و بە تایبەتی كیشوەری ئاسیا دەنگیان داوەتەوە و شتی زۆر سەیر و سەرنجڕاكێش دروست دەكەن، كە لە میدیا جیهانییەكان بووەتە جێی باسوخواس.
زاخۆ شەوی رابردوو بە گۆڵێك لە یانەی نەورۆزی بردەوە و خۆی گەیاندە قۆناغی پێش كۆتایی پاڵەوانیەتیی جامی عێراق.

….
یانەی ریال مەدرید پێش بەڕێوەچوونی یارییەكەی ئەمشەوی بەرامبەر پاریس سانجێرمان، تووشی كێشە بوون لە گەشتەكەیان بەرەو نیویۆرك.
شاندی ریال مەدرید گەشتەكەیان بەهۆی خراپی كەشوهەوا و بای بەهێز و باران و زریان دواكەوت، كە لە فڕۆكەخانەی پاڵم بیچ بوون لە فلۆریدا.
گەشتەكەی ریال مەدرید بۆ ماوەی دوو كاتژمێر دواكەوت، ئەمەش كێشەی بۆ تیپەكە دروست كرد و تەنانەت كۆنگرەی رۆژنامەوانی چابێ ئەلۆنزۆش هەڵوەشایەوە، كە بڕیار بوو پێش یارییەكە ئەنجامی بدات.
رۆژنامەی ماركای ئیسپانی بڵاویكردەوە، فیفا خۆی تەدەخولی كردووە، بۆ ئەوەی گەشتی یانەی ریال مەدرید بۆ نیویۆرك ئەنجام بدرێت و زیاتر دوانەكەون.
ئەمشەو كاتژمێر 10ی شەو ریال مەدرید و پاریس سانجێرمان لە یاریی پێش كۆتایی مۆندیالی یانەكان رووبەڕوو دەبنەوە و براوەیان دەگاتە یاریی كۆتایی، چاوەڕوانیش دەكرێت ئەمڕۆ كەشوهەوا لە نیویۆرك خۆشی بكاتەوە و كێشە نەبێ.

……..
یانەی چێڵسی وەزعی فولە و هەر ئەوە نییە گەیشتووەتە یاریی كۆتایی مۆندیالی یانەكان، بەڵكو پارەیەكی باشیشیان دەستكەوتووە و دەتوانن گرێبەستی تازەی پێبكەن.
چێڵسی شەوی رابردوو توانی بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێ بەرامبەر لە یانەی فلۆمێنێسی بەڕازیلی بردەوە و گەیشتە یاریی كۆتایی مۆندیالی یانەكان.
چێڵسی بەم ئەنجامە پارەیەكی باشی دەستكەوت و بەپێی بڕیاری فیفا، هەر یانەیەك بگاتە یاریی كۆتایی مۆندیال، بڕی 22 ملیۆن پاوەند وەردەگرێت.
بەم شێوەیە یانەی چێڵسیی ئینگلیزی تا ئێستا لە بەشداریكردنی لە مۆندیالی یانەكان و گەیشتن بە یاریی كۆتایی، بە گشتی 82 ملیۆن پاوەندی بەدەستهێناوە، ئەگەر یاریی كۆتاییش بباتەوە، ئەوە ئەكید پارەی دیكەش بەدەست دەهێنێت.
جا هەر بڵێن مۆندیالی یانەكان خراپە و كاتەكەی گونجاو نییە.
چێڵسی لە یاریی كۆتایی چاوەڕێی براوەی یاریی نێوان ریال مەدرید و پاریس سانجێرمان دەكات، كە ئەمشەو رووبەڕوو دەبنەوە.

….
ئێستا ئاشكرابوو كیلیان ئێمباپێ بۆچی لە ئەمریكا نەخۆش كەوت و لە سێ یاریی یەكەمی ریال مەدرید بەشدار نەبوو.
میدیاكانی فەرەنسا ئاشكرایان كرد، كە ئێمباپێ بەهۆی خواردنی مریشك تووشی نەخۆشی بووە و تووشی ئیلیتهابی گەدە و ریخۆڵە بووە و تا و لەرزیشی گرتبوو، بۆیە لە یارییەكانی سەرەتای تیپەكەی لە مۆندیالی یانەكان بەشدار نەبوو، تەنانەت كێشی دابەزی و دوو رۆژیش لە نەخۆشخانە مایەوە.
بەپێی میدیاكانی فەرەنسا، سەرەتا وا لێكدرایەوە ئێمباپێ تووشی ژانی ریخۆڵە كوێرە بووە، بەڵام دوایی دەركەوت وانییە و بە خواردنی مریشك ژەهراوی بووە و تەسەمموی كردووە بە بەكتریا.
ئێمباپێ ئەمشەو رووبەڕووی تیپی پێشووی دەبێتە لە پێش كۆتایی مۆندیالی یانەكان، چاوەڕێی ئەوەش دەكات گۆڵیان لێ تۆمار بكات و تۆڵەی ئەو هەموو خراپەیە بكاتەوە، كە ئیدارەی یانەكە بەرامبەر ئەو یاریزانە كردیان لە رابردوو، جگە لەوەی هێشتا 55 ملیۆن دۆلاری لای یانەكە ماوە.