"فەزڵی خوا بوو"

یەکەمی هەڵەبجە و دووەمی کوردستانە؛ تەنیا لە کیمیا 100ـی نە‌هێناوە

964+

ئەمەل ناجی – هەڵەبجە

هێڤی عومەر دەرچووی پۆلی 12ـەیە بە کۆنمرەی 698، یەکەمی پارێزگای هەڵەبجە و دووەمی سەر ئاستی هەرێمی کوردستانە، هێڤی ماڵیان لە گوندێکە لە نزیک قەزای سەیدسادق و لە یەکێک لە خوێندنگەکانی هەڵەبجە خوێندوویەتی، مەودای نێوان ماڵیان و خوێندنەگەکەی بەئۆتۆمبێل 30 خولەکە و رۆژانە هاتوچۆی کردووە.

سەبارەت بە هێنانی نمرە بەرزەکەی هێڤی بە 964ـی وت، “فەزڵی خوای گەورەیە، و وەڵامی دوعاکانی خۆم و دایک و باوکمە، سوپاسی دایک و باوک و مامۆستاکانم ئەکەم چونکە زۆر هیلاک بوون پێمەوە، ئەو هەڵەیەشی کە لە وانەی کیمیادا کردبووم خۆم دەمزانی، بەڵام نەمهێشت کار بکاتە سەر وانەکانی دیکەم و باری دەروونیم”.

سەبارەت بە شێوازی خوێندنی هێڤی وتی، “کوالێتی خوێندنەکەم بەلاوە گرنگ بووە وەک لە ژمارەی کاتژمێرەکانی خوێندن، هەمیشەش لەگەڵ خوێندنەکەدا دوعام کردووە کە خودا یارمەتیم بدات و هەر کەموکورتیەکم بۆ قەرەبوو بکاتەوە، ئامانجی داهاتووشم کۆلێژی پزیشکی گشتییە و بەردەوامیدانە بەم سەرکەوتنە”.

جوانە ئەحمەد دایکی هێڤی سەبارەت بە سەرکەوتنی کچەکەی دەڵێت، “وەک بڵێی هەموو دنیایان پێداوم کە کچەکەم ئەم سەرکەوتنەی بەدەستهێناوە، ئێمە ماڵمام لە گوندە و کاری دەشتودەر و باخیشمان هەیە، بەڵام لەگەڵ باوکیدا نەمانهێستووە هیچکام لە مناڵەکانمان خۆیان بەو کارانەوە سەرقاڵ بکەن، و لێگەڕاوین بخوێنن بۆ ئەوەی بتوانن سەرکەوتوو بن”.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری

هه‌فته‌ى داهاتوو تۆماركردنی ناوى قوتابیانى نوێ  بۆ پۆ...

هه‌فته‌ى داهاتوو تۆماركردنی ناوى قوتابیانى نوێ بۆ پۆلی یه‌كه‌م دەستپێدەكات