بەپێ چونەتە سەر ئاڵای ئەمریکا و ئیسرائیل
پێنج ئەفسەری پلە باڵای خورماتوو لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
وەزیری ناوخۆی عێراق پێنج ئەفسەری پلە باڵای لە خورماتوو لە پۆستەکانیان دوورخستەوە، چونکە لە رێوڕەسمی عاشورادا بەپێ چونەتە سەر ئاڵای ئەمریکا و ئیسرائیل.
یاسین محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین بە964ـی وت، “لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوه ژمارەیەک ئەفسەری پلە پاڵای خورماتوو لەپۆستەکانیان دورخرانەوە، چونکە دوێنی لەکاتی بەڕێوەچونی مەراسیمی عاشورادا لەقەزاکە بەپێ چونەتە سەر ئاڵای ئەمریکا و ئیسرائیل و پاشان وێنەکانیان لە میدیا عێراقیەکان بڵاوبووەتەوە و بەپێی یاساى عێراقیش سوکایەتیان بەئاڵای وڵاتێکی دیکە کردووە، بۆیە بریاری دورخستنەوەیان دراوە”.
وتیشی، “لەوێنەکەدا قائیمقامی قەزای خورماتووش دەردەکەوێت، بەڵام تاکو ئێستا ھیچ بریارێک لەسەر چارەنوسی ئەو نەدراوە”.
وێنەکە سەرەتا لەمیدیا عێراقییەکان بڵاوبووەتەوە و دواتر لەلایەن میدیایەکی ئەمریکاوە وێنەکە بڵاوکراوەتەوە و رەخنە لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق گیراوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ئەو ئەفسەرانە لەپۆستەکانیان دوربخرێنەوە” یاسین محەمەد واى وت.
ناوی ئەو كەسانەی دوورخراونەتەوە:
-بەرێوەبەری گشتی پۆلیسی خورماتوو.
-بەرێوەبەری پۆلیسی خورماتوو.
-بەرێوەبەری بەشی مادە ھۆشبەرەکان.
-بەرێوەبەری فەوجی فریاکەوتن.
-بەرێوەبەری پۆلیسی ھاتوچۆ.
پێداچوونەتەوە: محەمەد فاتیح