تیمەکانى فریاگوزارى لە تونس,,,وێنە: رۆیتەرز
جادوگەرێک داواى کردبوو
لە پێناو دۆزینەوەى گەنجینە؛ پیاوێک هەردوو چاوى ژنەکەى دەرهێنا
964+
وریا فەتاح
لە رووداوێکى نامۆ و دەگمەندا، پیاوێکى تونسى هەردوو چاوى ژنەکەى دەرهێنا، ئەوەش دواى ئەوەى فاڵچییەک بە پیاوەکەى وتبوو، گەنجینەیەک لەژێر ماڵەکەتاندایە، بەڵام پێویستە “نەفرەتێک” لەناو ببەیت بۆ ئەوەش پێشکەشکردنى دوو چاوى وەک قوربانى پێویستە، ئینجا دەستت بە گەنجینەکە دەگات.
رووداوەکە دەنگدانەوەیەکى گەورەى لە میدیاى عەرەبى و تونسى دروستکردووە، وەک باس دەکرێت فاڵچییەک لە پایتەختەوە چووەتە قەیرەوان ئەو شوێنەى رووداوەکەى لێ رووداوە و بە پیاوى ماڵەکەى وتووە کە نەفرەتێک لەسەر ماڵەکەیانە و رێگرە لە دۆزینەوەی گەنجینەکە، تاکە رێگەش بۆ لابردنی نەفرەتەکە پێشکەشکردنی دوو چاوە وەک قوربانی.
باوکی ژنە بە میدیا تونسییەکانى وتووە، “کاتێک کچەکەم کە تەمەنى تەنیا 29 ساڵە، رەتی کردووەتەوە داواکارییەکەی مێردەکەی جێبەجێ بکات کە دەرهێنانى دوو چاوەکەیەتى، پیاوەکە بە بیانووی ئاشتەوایی بردوویەتییەوە ماڵەوە، دوای نانی ئێوارە بە توندی لێی داوە و بە چەقۆیەکی نانخواردن بە زۆر هەردوو چاوی دەرهێناوە.”
وەک باسى کردووە، مێردەکە هەردوو چاوى ژنەکەى خستووەتە ناو کیسەیەکی پلاستیکییەوە و بۆ فاڵچییەکەی بردووە، لە کاتێکدا ژنەکەی بە خوێناوی لە ماڵەوە بەجێهێشتووە.
باوکەکە ئاشکراى کردووە کە ئێستا کچەکەى لە نەخۆشخانەیەکی پارێزگای سوسە لەژێر چاودێری پزیشکیدایە، بەهۆی خوێنبەربوونێکی زۆرەوە بینایی لەدەستداوە و بارى دەروونیشى بەتەواوى داڕماوە.
وەک ئەوەى میدیا ناوخۆییەکانى تونس باسیان کردووە، هێزە ئەمنییەکان پیاوەکەیان دەستگیر کردووە و دانیشى بە تاوانەکەیدا ناوە.
تونس یەکێکە لەو وڵاتانەى کە تائێستاشى لەگەڵ بێت فاڵچێتى تێیدا لە ئاستێکى بەرزە، 10 ساڵ لەمەوبەر توێژینەوەیەک کراوە و تێیدا ئامارى فاڵچییەکانى بە 145 هەزار فاڵچى تۆمار کردووە.
لە مانگی نیسانی رابردووەوە، پڕۆژەیاسایەک بۆ قەدەغەکردن و بەتاوانناساندنی سیحر و فاڵچییەتی لە پەرلەمانى تونسە، بەڵام هێشتا گفتوگۆی لەسەر نەکراوە.