تەنانەت مەڕەکانی کوردستانیش لە گرانی نرخەکان ڕزگاریان نەبوو

میدیازان – عەمار عەزیز – دهوك

لەماوەی مانگێک نزیکەی ٢٠٠ هەزار دینار چووەتەسەر هەر تەنێکی ئالیک، ئەمەش بووەتە هەڕەشە لەسەر بەخێوکەرانی مەڕوماڵات. ئاژەڵدارێکی ئاکرێ دەڵێ، وابڕوات مەڕەکان دەفرۆشم.

بەپێی بەدواداچوونی میدیازان، نرخی ئالیک و عەلەف لەبازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو گران بووەو بۆ هەر تەنێک تا ٢٠٠ هەزاری هاتووەتەسەر، ئەمەش بەخێوکەرانی مەڕومالاتی نیگەران کردووە کە ناتوانن ئالیک و عەلەف بەبڕی پێویست بۆ ئاژەڵەکانیان دابین بکەن.

کازم سەعید، خەڵکی گوندی مێرگینە لەسنوری قەزای ئاکرێ کە سەرووی ١٥٠ سەر مەڕ بەخێو دەکات، دەڵێ بەهۆی گرانی ئالیک و عەلەف، بیرم لەوە کردۆتەوە هەموویان بفرۆشم، وتی “پارساڵ تۆنی عەلەف و ئالیک بە ٣٠٠ تا ٣٥٠ هەزار بوو، ئەمساڵ بووەتە ٦٠٠ بۆ ٦٥٠ هەزار، ئەمەش وایکردووە زیانێکی زۆر بکەم”.

میدیازان، زانیاری ئەوەی لە ڤێتێرنەری قەزای ئاکرێ دەستکەوتووە کە لەو سنورە نزیکەی ٦٠٠ هەزار سەر بزن، مەڕو مانگاو چێڵ هەن.

“بەراورد بە پارساڵ، هەر تۆنێک ئالیک و عەلەف تا ٢٠٠ هەزار هاتووەتە سەر نرخیان”

بەروار زرار، یەکێکە لەو کەسانەی کە زیاتر لە ١٥ ساڵە کاری فرۆشتنی عەلەف و ئالیک دەکات، دەڵێ هیچ کاتێک وەک ئەمساڵ نرخی ئالیک وەها گران نەبووەو هەر تۆنێک تا ٢٠٠ هەزار دینار نرخەکەی گران بووە، گومرگیش لەسەر هاوردەکردنی زۆر زیاد کراوە، پێویستە حکومەت گومرگی لەسەر نەهێڵێت”.

بەپێی بەدواداچوونی میدیازان، رێژەی ٨٠٪ـی عەلەف و ئالیک لە دەرەوە هاوردەی کورستان دەکرێت و، بەگشتی لە بازاڕەکانی کوردستان چوار جۆری ئالیک و عەلەف هەن، ئەوانیش عەلەفی گەنمەشامی شکاو کە نرخی تۆنێکی لە ٣٠٠ هەزارەوە بووەتە ٦٠٠ هەزار، جۆی شکاو لە ٣٠٠ هەزار گەیشتووەتە سەرووی ٦٠٠ هەزار،، گەنمی ساغ و جۆی ساغ پێشتر نرخی تۆنێکی ٢٧٥ تا ٣٠٠ هەزار بوو، ئێستا نرخەکەی لەنێوان ٦٠٠ بۆ ٦٣٠ هەزار دینارە.