"کچی دەناردە قوتابخانە"

کچەکەی موفتی پێنجوێنی: بە باوکم دەوترا کافرە

964+

کامیار کەمال – پێنجوێن

ئەمڕۆ لە پێنجوێن، پەردە لەسەر پەیکەری موفتی پێنجوێنی، شاعیری ناوداری کورد لادرا، کچەکەی کە لەوێ بوو قسەی بۆ 964 کرد وتی، باوکم دەیوت بەرگەی کوشتن دەگرم بەڵام بەرگەی ئەوە ناگرم کچ ئاوا لە ژوورەوە ببەسترێتەوە و کۆیلەی کەسوکار بێت.

پەیکەری موفتی پێنجوێنی لە چەقی شار دانراوە، چێنەر نزاری پەیکەرساز کە دروستی کردووە، پێکهاتەیەکی بەکارهێناوە کە بەرگەی سەرماکەی پێنجوێن دەگرێت.

گێلاس موفتی، کچی موفتی پێنجوێنی لە مەراسیمەکە بەشداربوو ئەو وتی، لەبەر ئەوەی باوکم لەگەڵ ئەوە بووە کچ بخاتە قوتابخانە، پێیان وتووە بێ دین و کافرە، هەر وەختی خۆشی داوای کردنەوەی قوتابخانە و نەخۆشخانەی کردووە بۆ پێنخوێن و داوای راکێشانی هێڵی کارەبای کردووە.

زۆرێک لەو داواکاریی و خەمانەی پێنجوێن لە هەبوون، موفتی پێنجوێنی لە رێگەی شعرەکانییەوە گەیاندوویەتی، کچەکەی دەڵێ، بەرپرس هەبوون ئەوەندە خۆشیان ویستووە لە رێگەی شعرەکانییەوە، بە خەمی خەڵکیان زانیوە و داواکارییان چیبەجێ کردووە.

مەلا عەبدوڵای‌ توتنچی‌، ناسراو بە موفتی پێنجوێنی ناوی تەواوی عەبدوڵا مەلا کەریمە، لە ساڵی 1881 لە گوندی بێستانە لە دایک بووە، لە 15.6.1952 لە سلێمانی کۆچی دوایی کردووە.

چەندین ھۆنراوەی‌ نیشتمانپەروەری‌ و رێنمایی‌ کۆمەڵایەتی‌ ھەیە، یەکێکە لەو کەسایەتییانەی‌ لە پێنجوێن ھانی‌ خەڵکی‌ داوە بۆ ناردنی‌ منداڵەکانیان بۆ فێرگە بە تایبەتی‌ کچان. ئەم دەستپێکە لە منداڵی‌ خۆیەوە دەستی‌ پێکردووە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

لە سەنتەری قەزای پێنجوێن پەردە لەسەر پەیکەری موفتی پێن...

لە سەنتەری قەزای پێنجوێن پەردە لەسەر پەیکەری موفتی پێنجوێنی لابرا