لە کوێستانەکانیش گرفتی کەمئاوی هەیە
هەرجوتیارێک دوو زەوی هەبێت دەبیت یەکێکیان داچێنێت
964+
ئاکام غەفور – سۆران
کەمی ئاو، کشتوکاڵی ناوچە کوێستانیەکانی حاجی ئۆمەرانی کەم کردوەتەوە، بە جۆرێک لە پێنج دۆنم زەوی کە ساڵانی رابردوو کراوە بە کشتوکاڵ ئەمساڵ جوتیار تەنها دوو دۆنمی داچاندووە.
جوتیاران لەسەرەتای وەرزی داچاندن بۆ ئەوەی دووربن لە زیان هەر خۆیان رێککەوتوون کە ئەمساڵ، ئەوەی دوو زەوی هەیە تەنها یەک زەوی بکات بە کشتوکاڵ، بۆ ئەوەی هیچ نەبێت لەو بەشەی کە دەیکەن بتوانن بەرهەمێکی باشی هەبێت.
شوکرەڵا بابۆڵی موختاری گوندی موەتان لە سنووری ناحیەیی حاجی ئۆمەران بە 964ـی وت، ساڵانە لە سنووری گوندەکەمان زیاتر لە 500 دۆنم زەوی دەکرا بە کشتوکاڵ، بەڵام ئەمساڵ رەنگە رووبەری داچێندراو لە 300 دۆنم زیاتر نەبێت.
وەک باسی دەکات، هەر زوو هەستیان بە مەترسی کەم ئاوی کردووە، بۆیە لەگەڵ 50 جوتیاری سنووری گوندەکە کۆبوونەوە، لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە هەر کەسێک دوو پارچە زەوی هەبێت تەنها یەکێکی بکات بە کشتوکاڵ، ئەوەشی ساڵانە 20 دۆنمی داچاندووە ئەمساڵ کەمی بکاتەوە بۆ 12دۆنم، ئەگەر ئاوا نەبێت ئەمساڵ هەموویان رەنج بە خەسار دەبوون.
بەهۆی فێنکی ناوچەکە، ساڵانە لە وەرزی هاوین رووبەرێکی زۆری زەوی لە حاجی ئۆمەران دەکرێت بە کشتوکاڵ، بەرهەمی گونجاوی ناوچەکەش کولەکە و تەماتەیە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی