دیمەنی بەغدای پایتەختی عێراق _ وێنە: رۆیتەرز
رای حکومەتی عێراقی ماوە
بەپلانێک؛ دەیانەوێت هەژاری لە عێراق و کوردستان بۆ خوار 10% دابەزێنن
ئەحمەد مستەفا
لیژنەی باڵای تەکنیکی “ستراتیژی کەمکردنەوەی هەژاری”، بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری پلاندانان، سێیەمین ستراتیژی کەمکردنەوەی هەژاری لە عێراق بۆ ساڵانی 2026 – 2030 پەسەندکرد، ئەم پلانە هەرێمی کوردستان -یش دەگرێتەوە.
وەزارەتی پلاندانان ئهمڕۆ هەینی، ناوەڕۆکی سێیەم ستراتیژی کەمکردنەوەی هەژاریییەکەی ئاشکراکرد، بڕیارە بخرێتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی وڵات و دەنگی لەسەر بدرێ، پلانەکە وا دانراوە تا ئەوکات “ساڵی 2030” رێژەی هەژاری لە وڵات ببێ بە 9% یان 8%.
عەبدولزەهرا هنداوی، وتەبێژی وەزارەتەکە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وتووە، ستراتیژەکە حەوت میحوەری سەرەکی لەخۆدەگرێت، کە زیاتر لە 38 چالاکی سەرچاوە دەگرن کە بەسەر سێکتەرە جیاوازەکاندا دابەشکراون، ئەم میحوەرانە تیشک دەخەنە سەر پاڵپشتیکردنی گروپە هەژار و بێ بەشەکان.
لەوانە؛ تەندروستی، نیشتەجێبوون، پەروەردە، داهات و خۆراک، چاودێریکردنی بەساڵاچووان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، بەهێزکردنی منداڵان و ژنان، و روبەڕوبونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و روبەڕووبوونەوەی حاڵەتە لەناکاوەکانی وەکو، پەتاکان.
پلانەکان، لەلایەن ئۆرگانە پەیوەندیدارەکانەوە جێبەجێ دەکرێن، وەک وەزارەتەکانی نیشتەجێکردن، پەروەردە، خوێندنی باڵا، کاروکاروباری کۆمەڵایەتی، هەروەها حکومەتە خۆجێیەکان و کەرتی تایبەت، کە هاوبەشن لە لیژنەی باڵای تەکنیکی، هەروەها وەزارەتی تەندروستی، ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران و دەزگا پەیوەندیدارەکان لە هەرێمی کوردستان.
بە گوێرەی قسەکانی هنداوی بێت، ئامانجی ستراتیژەکە لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا ئەوەیە، رێژەی هەژاری لە عێراق بە ڕێژەی 50% کەمبکاتەوە، لە 17.5%ی ئێستاوە بۆ نێوان 8-9% کەمی بکاتەوە، ئەگەر سەرکەوتوو بێت لە بەدیهێنانی ئەمە، ئەوا دەسکەوتێکی گەورە دەبێت.