باڵەخانەی یەکێتیی زانایانی ئاینی هەرێمی کوردستان - وێنە: بۆ 964 نێردراوە
پێگەکە ناچالاک کراوە
بەرپرسانی یەکێتی زانایان: هاککردنی وێبسایتەکەمان کێشەیەکی بچووکە
964+
ئەحمەد مستەفا
وێبسایتی یەکێتیی زانایانی ئاینی هەرێمی کوردستان پاش هاککردن، ئێستا لەسەر براوسەرەکانیش ناکرێتەوە، 964 قسەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو یەکێتییە کرد، ئەوان دەڵێن، کێشەیەکی بچووکە و بەم زووانە چارەسەر دەکرێ.
شەوی رابردوو، هەواڵ هات و زانرا، وێبسایت “پێگە هەواڵی” یەکێتیى زانایانى ئاینى هەرێمی کوردستان هاککراوە و وێنەکانى ناو سایتەکەش بە نوسینێک گۆڕدراون و لەسەریان نوسراوە، “کوردستان پێویستی بە رێکخراوی ئاینی بە سیاسەت کراو نییە، پێویستی بە بزاڤێکی کوردییە که بەرگری له مێژوو و زمانی کوردی بکات”.
964 پەیوەندی بە بەرپرسانی یەکێتییەکەوە کرد، ئەوان پێیان وابوو کارەکە هێندە گەورە نییە کراوە، بەڵکو بە 964یان وت، کێشەیەکی بچووکە و بەم زووانە چارەسەر دەبێ، بەبێ ئەوەی روونکردنەوەی زیاتر لەبارەی سەرچاوەی هاککردنی پێگەکەیان بدەن یان کاتی ئاسایبوونەوەی کارەکانی پێگەکە.
وە یان، گومانی ئەوان بۆ بڵاوکراوەکەی سەر پێگەکەیان پاش هاککردن، تا شەویش پێگەکە بە چالاکی مابوویەوە، بەڵام ئێستا لە براوسەرەکانیش ناچالاک کراوە و پێگە هەواڵییەکە بەردەست نییە.
لە بارەی هاککردنەکە، یەکێتییە کاتژمێرێک پێش ئامادەکردنی ئەم هەواڵە لە پێگەی خۆی لە فەیسبووک بۆ رای گشتی نوسیوویەتی، ماڵپەڕی فەرمی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی هەرێمی کوردستان هاککراوە، لە هەوڵی چاکردنەوەی داین.
یەکێیی زانایان، رێکخراوێکی پیشەیی تایبەتمەندە بە کاروباری زانایانی ئایینی کوردستان، بارەگای سەرەکی لە هەولێرە، هەیکەلی کارگێڕی لە، مەکتەبی تەنفیزی، ئەنجومەنی ناوەندی، لق، ناوچە پێک دێت، تا ئێستا پێنج کۆنگرەی ئەنجام داوە و 16 لقی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان هەیە.
یەکێتییەکە، لیژنەیەکی تایبەتی بۆ فەتوا هەیە، کە پێکهاتووە لە لێژنەی باڵای فەتوا، کە لە مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان دادەنیشن، لەگەڵ ئەوەشدا لە سەرجەم لقەکانی دیکە لیژنەی فەتوای فەرعی پێکهێنراوە، هەر لەو پێگە هەواڵییەوە زۆرینەی فەتوا و چالاکییەکانیان بڵاودەکەنەوە.