964 پیاسەیەکتان پێدەکات
تائێستا زانیوتە دورگەی کەڵەشێرەکان لە کوێیە؟
964+
ژووری هەواڵ
ئاساییە بە هەر شارێکی دنیادا بڕۆیت لەسەر شەقامەکان سەگ وپشیلەی زۆر ببینیت، بەڵام سەیر ئەوەیە شارێک هەبێت لەبری ئەوان هەموو شەقامەکان پڕبێت لە کەڵەشێری بێ خاوەن، جا کەڵەشێرەکان ئەوەندە لەگەڵ مرۆڤدا راهاتوون نە دەترسن و نە دوور دەکەونەوە.
ئێرە زنجیرەیەک نیمچە درێژکۆڵەیە لە خوارووی ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا، رێک لە خوار شارە بەناوبانگ و باڵکێشەکەی مەیامی، یەکێکە لە زیندوترین شارەکانی ئەمریکا و ئێستاش بەهۆی یانەکەی مێسییەوە ئەوەندەی تر بەناوبانگ بووە، بەهەر شەقامێکی ئەم ناوچانەدا دەڕۆیت پڕیەتی لە کەڵەشێرو مریشک و قەل و قازو تاوس و حەربا، بەڵام لەناو هەموو ئەمانەدا کەڵەشێر لە هەمووی زیاتر سەرنجت رادەکێشت، ئەمەش چیرۆکێکی سەیری لە پشتەوەیە.
کامێرای 964 لە کوچەو کۆڵانەکانی ئەو زنجیرە ناوچەیە گەڕاو ئەم دیمەنانەی تۆمارکرد، ئەم ناوچانە زۆر لە کوباوە نزیکن، لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردوو بە هەزاران کەس لە خەڵکی کوبا وڵاتی خۆیان جێهێشت و لەو ناوچانەی خوارووی ئەمریکا نیشتەجێبوون، ئەمانە زۆریان حەز بە بەخێوکردنی پەلەوەر بوو، بەتایبەتی کەڵەشێری شەڕکەر، بۆیە لەگەڵ خۆیاندا سەدان کەڵەشێری شەڕکەریان بردووەو مەرج و شەڕو گرەوی کەڵەشێر بووەتە بەشێک لە ژیانی رۆژانەیان، نەک هەر ئەوە بگەرە هەرچی جۆری تری پەلەوەرە لەگەڵ خۆیاندا بردوویانە.
ساڵ دێت و ساڵ دەڕوات دەسەڵاتدارانی ئەو ناوچانە شەڕە کەڵەشێرو گرەو لەسەریان قەدەغە دەکەن، خەڵکەکەش بە ناچاری هەموویان لە دەرەوەی ماڵەکان بەرەڵا دەکەن، بە جارێک بە هەزاران کەڵەشێر کەوتوونەتە سەر شەقامەکان.