دیمەنى دواى گەڕاندنەوەى دانیشتوانى قەڵادزێ بۆسەر ماڵ و حاڵى خۆیان لە دواى راپەڕین
36 ساڵ لەمەوبەر
قەڵادزێ؛ ئەو شارەى هیچ خانوویەکى بەپێوە نەما
964+
وریا فەتاح
دواى دەیان کارەسات و بۆردوومان، هاتە سەر راگواستنى زۆرەملێى دانیشتوان و هیچ خانوویەکى ئەوشارە بەپێوە نەماوە و دواتر دانیشتوانەکەى بۆ کۆمەڵگە زۆرەملێیەکان راگوێزران، ئەمە قەڵادزێى 36 ساڵ لەمەوبەرە.
26.6.1989 دانیشتوانى پشدەر و قەڵادزێ راگوێزران.
36 ساڵ لەمەوبەر، حکومەتى بەعس شارى قەڵادزێ و قەزاى پشدەرى بۆ کۆمەڵگە زۆرەملێیەکانى جدیدە و کەورگۆسک و بازیان راگواست و بەپێى سەرچاوە مێژوییەکانیش لەو رۆژەدا هیچ خانویەکى ئەو شارە بەپێوە نەماوەتەوە و سەرجەمیان روخێنراون.
شاری قەڵادزێ یەکێکە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و ناوەندی قەزای پشدەرە، سەر بە ئیدارەى سەربەخۆی راپەڕینەو نزیکەی 134 کیلۆمەتر لەناوەندى پارێزگاى سلێمانییەوە دورە، لە رۆژھەڵاتەوە ھاوسنوری شارەکانی سەردەشت و میراوەیە، لە رۆژئاواشەوە لەگەڵ رانیەو لە باکورەوە ناحیەی قەسرێی قەزای چۆمان و لە باشووریشەوە هاوسنووری ناحیەی بنگرد و ناوچەی مەرگە و قەزای ماوەتە. لە ساڵی 1948ـەوە لە ناحیەوە بوەتە قەزا.
قەزاى پشدەر لە پێنج ناحیە پێکهاتووە کە ئەمانەن ( سەنگەسەر (ناودەشت)، ژاراوە، هێرۆ، هەڵشۆ، ئیسێوە). بەگشتیش نزیکەى 300 گوند لە خۆى دەگرێت.
دواى راپەڕین، بەشێکى زۆرى دانیشتوانەکەى لە کۆمەڵگە زۆرەملێ و شاروشارۆچکەکانى کوردستان گەڕانەوە زێدى خۆیان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەکى زۆریان نەگەڕانەوە یان روویان لە ئەورووپا کرد.