"ئاستى ئاماده‌یی شه‌ڕ و رێگریكردن له‌ قاچاخچێتى"

فه‌رمانده‌ى پاسه‌وانى سنوور رێكخستنه‌وه‌ بۆ بنكه‌ چاودێرییه‌كانى سنوورى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كات

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

لە سنوورى پارێزگای هەڵەبجە، فەرماندەیی پاسه‌وانى سنوور خه‌ریكی رێكخستنه‌وه‌ى هێزه‌كان و ئه‌و بنكه‌ چاودێریانه‌ن كه‌ كه‌توونه‌ته‌ خاڵى سفری سنوورى له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامی ئێراندا.

به‌شی راگه‌یاندنى ناوچه‌ى یه‌كی پاسه‌وانى سنوور بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، لە پارێزگای هەڵەبجە، بۆ سێیەم رۆژی لەسەریەک، فەرماندەی سنووری ناوچەی یەك، لیوا دلیر زێباری، بەردەوامە لە سەردانە مەیدانییەکانی بۆ ناوچە بەرپرسیارێتییەکان لەسەر سنووری عێراق و ئێران.

مه‌به‌ست له‌و سه‌ردانانه‌ پشکنینی بنکە سنوورییەکان و هەڵسەنگاندنی ئاستی ئامادەیی شەڕ، له‌ سنوورى بیارە، خورمال، و تەویل، کە دەکەونە ناوچەی بەرپرسیارێتی فەوجی یەکی سنوور، لیوای 21 و رێگریکردن له دزه‌کردن و قاچاخچێتی له ناوچه‌كه‌ به‌گشتى.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌، سەردانەکە بۆ دڵنیابوونه‌ لە ئامادەیی شەڕ و چاودێریکردنی کارپێکردنی کامێرای چاودێری گەرم، و دروستکردن و نۆژه‌نکردنەوەی بینای بنکەکانى پاسه‌وانیكردن و پشکنینی بارودۆخی سەربازەکان.

به‌شێكی دیكه‌ى ئه‌و به‌سه‌ركردنه‌وانه‌ بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی سه‌ربازى و هەڵسەنگاندیانه‌، لە رووى کوالێتییه‌وه‌، پێداچوونەوەش بەو رێوشوێنە ئەمنییانەی ده‌كه‌ن کە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش له‌م سنوورانه‌ گیراونەتە بەر.