تیمێکی خانەنشینی وەزارەتی دارایی بەغدا هاتنە هەرێم - وێنە؛ وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم
بۆ گفتوگۆکردن لەسەر لێبڕینی 3٪ـی موچە هاتوون
تیمێکی خانەنشینی وەزارەتی دارایی بەغدا هاتنە هەرێم
964+
شۆڕش قادری
بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتی لێبڕینی لە 3٪ـی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم، تیمێکی خانەنشینی وەزارەتی دارایی بەغدا هاتنە هەرێم.
بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم، “ئەمڕۆ چوارشەممە 25.6.2025 شاندێکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ بە سەرۆکایەتی حەیدەر جاسم بەڕێوەبەری گشتی سندوقی خانەنشینی عێراق سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابووری کوردستانیان کردووە و لە کۆبونەوەیەکدا گفتوگۆ لەسەر بابەتی لێبڕینی لە 3٪ـی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کراوە کە لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق و لەسەر داوای وەزارەتی دارایی عێراق لە رۆژی (1.1.2014) تا (30.6.2024) و لە رۆژی (1.6.2025)ـەوە مانگانە بەقیست لێیان وەردەگیرێتەوە”.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا پرسی خانەنشینی هێزەکانی پێشمەرگە و چۆنیەتی هەژمارکردنی خزمەت و موچەکانیان لەچوارچێوەی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق، گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان 13.5.2025 بەفەرمی بانگهێشتی سەرۆکی دەستەی خانەنشینی نیشتیمانی و بەڕێوەبەری گشتی سندوقی خانەنەنشینی عێراقی کرد، بۆ کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن لەسەر چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی تایبەت بەخانەنشینان لە کوردستان.