سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان - وێنە: بۆ 964 نێردراوە
وتەبێژ: ئێستا کاتێکی گونجاو نییە
ئاسایش: 11 کەس لە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکان لای ئێمە راگیراون
964+
ئەحمەد مستەفا
وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێ، زانیارییان هەبووە، خۆپیشاندان بەرەو ئاقارێکی توندوتیژ دەڕوات و دەستی دیکە ویستوویەتی خۆپیشاندانەکە تێک بدات، بۆیە رێگرییان کردووە لە ئامادەکارییەکانی ئەو خۆپیشاندانەی کە بڕیارە سبەی ئەنجامبدرێ.
ئەو وتی، ئێستا کاتەکە “بەهۆی دۆخی ناوچەکە” بۆ خۆپیشاندان گونجاو نییە، ئەگەر هەرکاتێک گونجاو بوو لەلای لیژنەی ئەمنی سلێمانی دەتوانرێ مۆڵەت وەربگیردرێ.
ئەمڕۆ چوارشەممە 25.6.2025، سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەبارەی ماددە هۆشبەرەکان و کارەکانیان بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەو کەیسە کۆنگرەی رۆژنامەوانی هەبوو، بەڵام رۆژنامەوانان لەبارەی دەستگیرکردنی مامۆستا و فەرمانبەران پرسیاریان لێ کرد.
ئەوانەی لەلای دەزگای ئاسایش راگیراون 11 کەسن، وتەبێژ وتی، ئێمە تەنیا لە لایەنی دۆخی ئەمنییەوە لە خۆپیشاندانەکە دەڕوانین، ئەگینا خۆپیشاندان بە مافی فەرمانبەر و مامۆستایان دەزانن.
ئەم دۆخە دوای ئەوە دێت، كە مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازیی بڕیاریان وایە سبەی پێنجشەممە، بەهۆی دواكەوتنی موچەكانیانەوە، لە سلێمانی خۆپیشاندان بكەن، سەرەڕای ئەوەی لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی داوای لێكردوون خۆپیشاندانەكە بۆ كاتێكی گونجاوتر دوابخەن.