مەسرور بارزانی:  

عێراق هۆكاری وەستانی هەناردەكردنی نەوتی كوردستانە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی رایگەیاند، عێراق هۆكاری وەستانی هەناردەكردنی نەوتی كوردستانە، گرێبەستە نەوتییەكانی كوردستانیش هیچ شتێكی نایاسایی تێدا نییە.

مەسرور بارزانی ئێستا كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەیە لە هەولێر دوای بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران و رایگەیاند، شاندێك لە بەغداوە دێن بۆ گفتوگۆكردن لە بارەی پرسی موچەی فەرمانبەران.

وتیشی، شاندەكە لە ئاستێكی باڵادا دەبن و لەو ئاستەدا دەبن بتوانن بڕیار بدەن.

بارزانی ئاشكرای كرد، بەپێی قسەی دەسەڵاتدارانی بەغدا، دادگای فیدراڵی لەسەر سكاڵای هەندێك لایەن لە كوردستانەوە تەدەخولیان لە بابەتی موچە كرد.

وتیشی، بەغدا لە 2023 سێ موچە و لە 2024 دوو موچەی بۆ كوردستان نەناردووە و ئەمساڵیش دوو مانگە بە نایاسایی موچەی فەرمانبەرانی كوردستان دەبڕدرێت.

هەروەها سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا، مەسرور بارزانی وتی، بەردەوام دەبین لە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا و هەرگیز دەرگای گفتوگۆ داناخەین.

هەروەها وتی، چاوەڕێین ئەنجومەنی دادوەری كێشەی موچە چارەسەر بكات، جگە لەوە ئەگەر رێكنەكەوتین، بە هەموو توانای خۆمان كار دەكەین بۆ دابینكردنی موچە و نایەڵین خەڵكی خۆمان پەكیان بكەوێت.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانی و وەڵامی میدیاكاران، سەرۆك وەزیرانی كوردستان وتی، بە هیچ جۆرێك لەگەڵ حكومەتی عێراق واز لە مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان ناهێنین.

“بەغدا موڵكی لایەنێك نییە و ئێمە هاوبەشین لەو وڵاتەدا”، بارزانی وای وت.