سەرۆكی شارەوانیی هەولێر

“رێپێدانی دروستكردنی خانوو بە دابەش دوو بە چەند گەڕەكێك دەدەین”

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

سەرۆكی شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، خەریكی دیراسە و لێكۆڵێنەوەن بۆ ئەوەی بڕیار بۆ بەرژەوەندیی چەند گەڕەكێكی هەژارنشین بدەین، كە خانوو بە رێپێدانی دابەش دوو دروست بكەن.

كارزان عەبدولهادی ئەمڕۆ چوارشەممە 25.6.2025 بە 964ی وت، كۆبوونەوەیەكیان لەگەڵ ژمارەیەك بەڕێوەبەرانی شارەوانییەكانی سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانی هەولێر و بەڕێوەبەری نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەولێر كردووە، بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجام  و بڕیار سەبارەت بە رێپێدانی دروستكردنی خانوو بە زەوی “دابەش دوو”.

وتیشی، “خەریكی دیراسە و لێكۆڵێنەوەین و لیژنەیەكمان هەیە و بڕیار دەدەین، دواتر بڕیارەكە دەچێتە ئەنجومەنی شارەوانی و لەوێ ئەگەر گونجاو بوو پەسند دەكرێت.

بە وتەی سەرۆكی شارەوانیی هەولێر، داواكاریی هاوڵاتیانی چەند گەڕەكێكیان بۆ هاتووە، بە تایبەتی لە (قەرەبووی گەڕەكی ژیان و نزیك شاری زەیتوونە)، كاری لەسەر دەكەن و هەوڵیان بۆ ئەوەی لە پێناو خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت بڕیارێكی گونجاو بدەن، بۆ ئەوەی بەپێی رێنماییەكان رێپێدانیان پێبدرێت و خانوو لەسەر زەوی دابەش دوو دروست بكەن.

زەوی دابەش دوو چییە؟

بەشێكی زۆری هاوڵاتیانی هەولێر و دەوروبەری، زەوی 300 یان 250 مەتر دووجایان هەیە، كە بۆیان نەبووە بیكەن بە دوو پارچەی 150 مەتری یان 125 مەتری، بۆ ئەوەی خانوو دروست بكەن، بەڵام ئەگەر رێپێدانیان پێبدرێت، ئیتر دەتوانن زەوییەكان بكەن بە دوو بەش و بیانكەن بە دوو خانوو بە ناوی دوو كەسەوە و هەریەكەیان تاپۆی خۆی دەبێت.

ئێستا دەتوانن زەوییەکانی 8ـی حەسارۆک دابەش دوو بکەن

ئێستا دەتوانن زەوییەکانی 8ـی حەسارۆک دابەش دوو بکەن