ئەندامانی میلیشیای عەسائیب ئەهلی حەق، 25ی تشرینی دووەمی 2017 (AFP)
ژمارەى مۆبایل و شوێنى نیشتەجێبوونیان گۆڕیوە
لەترسى ئیسرائیل: سەرکردەى گروپە چەکدارەکانى عێراق تەنگەتاو بوون
964+
وریا فەتاح
شەڕى ئێران و ئیسرائیل پێ دەنێتە هەفتەى دووەمەوە، لەگەڵ پەرەسەندنى گرژییەکانیش بەشێک لە سەرکردەى گروپە چەکدارییەکانى عێراق (ئەوانەى نزیکن لە ئێران)، ترسى هێرشى ئاسمانى ئیسرائیلیان لێ نیشتووە، بەو هۆیەوە زنجیرەیەک گۆڕانکاری ئەمنییان جێبەجێ کردووە بەتایبەت گواستنەوەى شوێنى نیشتەجێبوونى و هەڵوەشاندنەوەى چالاکى و بەشداریکردن لە بۆنەکان و گۆڕینى ژمارەى مۆبایل و دەستبەرداربوون لە مۆبایلە زیرەکەکان.
پەرلەمانتارێکى نزیک لە یەکێک گروپە چەکدارانەى عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، بۆ ئەلعەرەبی ئەلجەدیدی ئەو زانیارییانەى ئاشکرا کردووە و باسى لەوەشکردووە کە گرتنەبەرى ئەو رێوشوێنە ئەمنیانە دواى ئەوە دێت کە هەستیان بە هەڕەشەیەکى راستەقینە کردووە کە راستەوخۆ ژیانى ئەو سەرکردانە دەکاتە ئامانج.
باس لەوەشکراوە کە سەرکردەى گروپە چەکدارییەکانى عێراق بەتایبەت ئەوانەى نزیکن لە ئێرانەوە، هەستیان بەوەکردووە کە ئامانجى هێرشى ئیسرائیلن، بۆیە زۆربەیان رێوشوێنى پێویستی ئەمنیان گرتووەتەبەر بەتایبەت گۆڕینى ئامرازەکانى پەیوەندیکردن و خۆپەنادانیان و هەڵوەشاندنەوەى چالاکییەکانیان.
وەک باس دەکرێت، ئەوەى سەرکردەى گروپە چەکدارییەکانى عێراق زۆر لێى دەترسن، ئامێرەکانى پەیوەندیکردنە، پێیانوایە لەو رێگەیەوە دەتوانرێت شوێنەکانیان بەوردى دەستنیشان بکرێت.هەربۆیە دەستبەردارى مۆبایلە زیرەکەکانیان بوون و بەکاریان ناهێنن.
هەفتەى رابردوو، گروپە چەکدارییە عێراقییەکانى نزیک لە ئێران، هەڕەشەى دەستوەردان و وەڵامدانەوەیان کرد ئەگەر ئەمریکا لەپاڵ ئیسرائیلەوە بچێتە شەڕ لە دژى تاران.
لای خۆیەوە، سەرمەد بەیاتی، شارەزای بواری ئەمنی وتویەتى، نیگەرانییەکى توندى ئەمنى لە بەغدا ئامادەیى هەیە، بەتایبەت کە ئیسرائیل هیچ رێز لە هیچ سنوورێک ناگرێت، بۆیە ئەو شارەزایە پێى وایە ئیسرائیل لەچەند بەرەدا لەشەڕدایە و بەرەی عێراقیش دوور نییە تێوە بگلێت.