“لە پشتی سەماوەرەوە دانەنیشتوون”

ژنان هەڵەبجەی شەهید بەڕێوە دەبەن

میدیازان – محەمەد عومەر – هەڵەبجە

هەڵەبجە پێشەنگی شارەکانی تری هەرێمی كوردستان گرتووە لە هێنانەپێشەوەی ژنان و پێدانی بەرپرسیارێتی پێیان، ئێستا نزیکەی دە پۆستی ئەو شارە بە دەست ژنانەوەیە و مێژووی بەرپرسیارێتیی ژنیش لە شارەکەدا بۆ سەردەمی عادیلە خانم دەگەڕێتەوە.

عادیلە خانم، کە لە ساڵی ١٨٥٩ بۆ ١٩٢٤ ژیاوە، دوای مردنی عوسمان پاشای هاوسەری، بەرپرسیارێتیی ئیدارەی ئەوکاتەی سنووری شارەزوور و هەڵەبجە دەگرێتە دەست، لەوکاتەوە تا ئێستا ژنان بەرپرسیارێتیی بەردەوامیان لە ئیدارەی شارەکەدا هەیە. 

“عادیلە خانم پێشەنگی ژنانی هەڵەبجە”

گوڵستان ئەحمەد، بەڕێوەبەری مافی مرۆڤ لە هەڵەبجە بە میدیازانی راگەیاند: جێگەی خۆشحاڵییە ژنان لە هەڵەبجە پۆستی گرنگیان بە دەستەوەیە، ژنانیش هەمان مافی پیاوانیان هەیە و هەڵەبجەش لانکەی ڕۆشنبیری و یەکسانی بووە و ژنانی هەڵەبجەش خوێندەوار و ڕۆشنبیرن.

ژن لە هەڵەبجە لێپرسراوی یەكەمی ئەم پۆستانەیە: نوخشە ناسیح  قایمقامی ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە، مەهاباد كامل سەرۆكی زانكۆی هەڵەبجە، دینا ئەحمەد، سەرۆكی لیژنەی هاوبەشەكانی قایمقامییەتی هەڵەبجە، گوڵستان ئەحمەد، بەڕێوەبەری مافی مرۆڤی هەڵەبجە، دڵنیا مەحمود، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانیی هەڵەبجە و پێشتریش سەرۆکی شارەوانیی شارەکەش هەر ژن بوو، هەروەها شاناز نەقشبەندی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجەو چیا وقاسم بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە.

“ژن لە هەڵەبجە لێپرسراوی یەكەمە”

مهاباد کامیل سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە بە میدیازانی راگەیاند: ژنان و کچانی هەڵەبجە و هەورامان هاوشانی پیاوان توانیویانە کارەکان بەڕێوە ببەن و لە پشتی سەماوەرەکانیانەوە دانەنیشتوون.