"چ ئاوێک بەكاردەهێنن"
هاوینیش دەستیپێكرد و كارگەكانی بەفر هێشتا بازاڕیان باش نییە
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
ئەمڕۆ 21.6.2025 یەكەم رۆژی وەرزی هاوینە و كاسبكاران و هاوڵاتیان لەتاو گەرمای بەتین پەنا دەبەنە بۆ كڕینی بەفر، بە تایبەتی ئەوانەی پێویستیانە، بەڵام كارگەكانی بەفر لە هەولێر، دەڵێن، بازاڕیان وەك جاران گەرم نییە و كارەبای 24 كاتژمێری بازاڕی ئەوانی لاواز كردووە.
964 سەردانی دوو كارگەی بەفری كرد لە هەولێر و عوسمان رەمەزان خاوەنی یەكێك لەو كارگانەیە، ئەو بە 964ی وت، “جەو گەرم بووە و ئێمە سێ مانگە دەستمان بەكار كردووە، ئاوی ژێر زەوی بەكاردێنین و شیاوە بۆ خواردنەوە و بیری خۆمان هەیە.”
وتیشی، بەفرەكە زیاتر لە ناو شار ساغ دەبێتەوە و خەڵكانێكیش هەن بەشێكی كەم بۆ دەرەوەی شار دەبەن، بەڵام ناچێتە شارەكانی دیكەی عێراق.
حاجی شێرزاد نۆغەرانی، ئەویش خاوەنی كارگەی بەفرە لە هەولێر و دەڵێت، “ئێمە ئەمڕۆ دەستمان بەكار كردووەتەوە، بەڵام لەگەل باشبوونی كارەبای نیشتمانی، فرۆشی بەفر كەمبووەتەوە و زیاتر قەسابەكان دێین بۆ كڕینی بەفر یان ئەوانەی سەلاجەكانیان بچووكە لە چایخانە و كافیتریاكان.”
وتیشی، “ئێستا تەنیا بۆ ناو شاری هەولێر بەفرمان دەڕوات جیاوازی زۆرە لەگەل ساڵی پار، ئێستا رۆژ هەیە 300 قاڵب دەفرۆشین و رۆژ هەیە 100 قالب هەر قالبێكیش بە هەزار دینارە.”
ئەو خاوەن كارگەیە دڵنیایی دا كە بەفرەكەیان بە ئاوێكی پاك و تەندروست بەرهەم دەهێنن و جێی دڵنیاییە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا