"لە گەرمیان"

ئەگەر ناتوانن فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک پڕبكەنەوە تیمێک دێتە ماڵەوە و بۆتان پڕدەكەنەوە

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

دوای کارابوونی بەئەلیکترۆنیکردنی فۆڕمی خۆراک لە ھەرێمی کوردستان، بەشێک لە ھاوڵاتیان گرفتیان ھەیە لە خۆتۆمارکردن، بەڕێوەبەری خۆراکی گەرمیانیش دەڵێت، ئەوانەی نەخۆش و پەککەوتەن پەیوەندیان پێوەبکەن تیمەکانیان دەڕۆنە ماڵەوە بۆ لایان، یان ئەوانەی كێشەیان هەیە تیمەكانیان بۆیان پڕدەكەنەوە.

نوریە عەبدولحەمید، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کەلوپەلی خۆراکی گەرمیان بە 964ى وت، “چەند گرفتێکمان ھەیە لە کاتی تۆمارکردن لە فۆڕمەکە قبوڵ ناکرێت، ئەوانەی کە لە ھەرێمی کوردستان و ناوچەکانی خوارووی عێراقیش فۆرمی خۆراکیان ھەیە، قبوڵی ناکات، یان ئەوانەی کە زەواجیان کردووە فۆرمی خۆیان ھەیە و ناویشیان لەگەڵ ماڵی باوکیان ماوەتەوە”.

“ئەو کەسانەی زۆر بەتەمەنن یان نابینان یان نەخۆشی ئۆتیزمن، ناتوانن تەرکیز بکەن لە کاتی وێنەگرتنەکە رووخساریان وەرناگرێت، دەبێت سەردانمان بکەن فۆرمی تایبەت ھەیە بەو کەسانە و بە دەستی تۆماردەکرێن، نەک ئەلیکترۆنی”، نوریە عەبدولحەمید وای وت.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو ھاوڵاتیانەی نەخۆش و پەککەوتەن و گرفتیان ھەیە لە خۆتۆمارکردن و ناتوانن بێنە بەڕێوەبەرایەتی، پەیوەندیان پێوە بکەن خۆیان تیمێک دەنێرینە ماڵەوە بۆلایان.

نوریە عەبدولحەمید وتیشی، تا ئێستا لە گەرمیان یەک حاڵەتمان ھەبووە بەھۆی جوانکاری رووخسارەوە نەیتوانیوە خۆی تۆمار بکات، پەیوەندیمان بە سلێمانییەوە کردووە پێیان وتوین، ئەگەر ھەر قبوڵی نەکرد سیستمەکە، دەبێت وێنەی کارتی نیشتمانییەکەی تازە بکاتەوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

ئەگەر پڕۆگرامی كارتی خۆراك روخسارت نەخوێنێتەوە دەبێت ...

ئەگەر پڕۆگرامی كارتی خۆراك روخسارت نەخوێنێتەوە دەبێت كارتی نیشتیمانی نوێ‌ بكەیتەوە