بەبیابانبوونى زەوى
عێراق و هەرێمى کوردستان لە کوێى ئەو مەترسییەن؟
جیهان لە بەردەم هەڕەشەى بەبیابانبووندا
964+
وریا فەتاح
ئەمڕۆ 17ی حوزەیران، رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی بیابانبوون و وشکەساڵییە، نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات کە ساڵانە یەک ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشە زەویی بەپیت و بەرهەمدار لە جیهاندا دەبنە بیابان، ئەمەش هاوتایە لەگەڵ رووبەری وڵاتێکی وەک میسر. لە کاتێکدا عێراق بە یەکێک لە پێنج وڵاتە هەرە مەترسیدارەکەی جیهان دادەنرێت لە رووی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و بیابانبوونەوە، پسپۆڕان داوای هەنگاوی خێرا و وەبەرهێنانی زیاتر دەکەن بۆ رزگارکردنی زەوی و کردنەوەی دەرگای دەرفەتی نوێ.
بەپێی ئاماری رێکخراوی کەشناسی جیهانی (W.M.O.) لە ساڵی 2000ـەوە وشکەساڵی بە بەراورد بە دوو دەیەی پێشوو بە ڕێژەی 29% زیادى کردووە.
ئێستا وشکەساڵی پرسێکی سەرەکییە بەشێوەیەک لە ئێستاى جیهاندا زیاتر لە 2.3 ملیار کەس لەگەڵ کەمی ئاودا دەجەنگن. بەپێی ئەو خەمڵاندنانەی کە لەلایەن یونیسێفەوە کراوە، تا ساڵی 2040 زۆربەی منداڵان لەو شوێنانەدا دەژین کە کەمیی ئاوی توندیان هەیە.
دروشمی 2025:
زەوی زیندووبکەرەوە، دەرفەتەکان بکەرەوە
نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەمساڵ دروشمی “زەوی زیندووبکەرەوە، دەرفەتەکان بکەرەوە”ی هەڵبژاردووە، بۆ جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە زەویی تەندروست بناغەی ئابوورییەکی گەشەسەندووە. چونکە زیاتر لە نیوەی بەرهەمی ناوخۆیی جیهان پشت بە سروشت و زەوی دەبەستێت، بەڵام مرۆڤایەتی بە خێراییەکی مەترسیدار ئەم سامانە سروشتییە بەکاردەهێنێت.
لە ساڵی 1994، کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی 17ـى حوزەیرانی وەک “رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی بیابانبوون و وشکەساڵی” دیاریکرد.
بەپێى ئامارى نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەگەر رەوشەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، پێویستە تا 2030 نزیکەى 1.5 ملیار هێکتار زەوى چاکبکرێتەوە بۆ ئەوەى بگەین بە جیهانێکى هاوسەنگ لەرووى زەوى سروشتییەوە.
بەپێى لوتکەى وڵاتانى G20 بەڵێنى چاککردنەوەى یەک ملیار هێکتار زەویان دراوە، ئەگەر ئەوە رووبدات هەر دۆلارێک کە لە بوژاندنەوەی زەویدا خەرج دەکرێت، لەنێوان 7 بۆ 30 دۆلار قازانجی ئابووریی لێدەکەوێتەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکراى کردووە، رۆژانە وەبەرهێنان لە بوارى بوژاندنەوەى زەوى جیهان پێویستى بەوەیە یەک ملیار دۆلار خەرج بکات، بەڵام تەنیا 66 ملیار دۆلار تەرخانکراوە و لەو ژمارەیەش کەرتى تایبەت 6%ـى لە ئەستۆ گرتووە.
عێراق و هەرێمى کوردستان لە کوێى ئەو مەترسییەدان؟
بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، عێراق پێنجەمین وڵاتی جیهانە کە زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا و بیابانبوونی لەسەرە. هۆکارەکانى بۆ (کەمبوونەوەى ئاو و بارانبارین، بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما، گەردەلوول و خۆڵبارین، بڕینەوەى دارستان و شێواندنى سروشت).
چەند پێشبینییەک بۆ داهاتوو:
تا ساڵى 2045 نزبکەى 135 ملیۆن مرۆڤ ئاوارە دەبن
490 ملیار دۆلار زیانى ساڵانەى تێکچوونى زەوى و بەبیابانبوون بێت
تا ساڵى 2030، ئەفریقا سێیەکى زەوییە کشتوکاڵییەکانى لەدەست بدات.