:وەزیری دەرەوەی ئێران

“ئەمریكا بە یەک تەلەفۆن دەتوانێت شەڕ رابگرێت”

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزیری دەرەوەی ئێران پێی وایە ئەمریکا و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی وڵاتەکەی دەتوانن بە “یەک پەیوەندی تەلەفۆنی” هێرشەکانی ئیسرائیل بوەستێنن.

عەباس عێراقچی ئەمڕۆ دووشەممە 16.6.2025 رایگەیاند، یەک پەیوەندیی تەلەفۆنی لە واشنتۆنەوە بەسە بۆ راگرتنی شەڕی ئیسرائیل و رێگەخۆشکردن بۆ گەڕانەوە بۆ دیپلۆماسییەت.

عێراقچی لە رێگەی پلاتفۆرمی ئێکسەوە نووسیویەتی، وڵاتەکەی شەڕی دەستپێنەکردووە، بەڵکو ئامادەیە تا دواسات شەڕ بکات، جەختیشی لەوە کردەوە وەڵامدانەوەی ئێران بۆ ئیسرائیل بەردەوام دەبێت تا هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوام بێت.

وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریدا لە بەشداریکردنی ئەمریکا لە شەڕەکەدا و رایگەیاند، هەموو هیوایەک بۆ چارەسەری دانوستان لەناو دەبات و “دەرئەنجامی جددی و پێشبینینەکراو و ئەگەری کارەساتبار بۆ ئاسایشی ناوچەکە و ئابووری جیهانی بەدوای خۆیدا دەهێنێت”.

چوار رۆژە شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و ئێران بەردەوامە و یەكەمجارە ئەم دوو وڵاتە بەم شێوە قورسە رووبەڕووی یەكتر ببەنەوە، تا ئێستا دەیان هاوڵاتی لە هەردوولا كوژراو و بە سەدانیش بریندارن، ئەمە جگە لە كوژرانی ژمارەیەك بەرپرسی هەرەباڵای سەربازی و هەواڵگریی ئێران و 14 زانای ئەتۆمی.

ئێزگە و تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێرانی كرایە ئامانج

ئێزگە و تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێرانی كرایە ئامانج