بە هەڵکەندى قۆڵتى ئاو
لە کانى وەتمان؛ گەنجان بوونەتە کانى بۆ باڵندە و گیانەوەرە کێوییەکان
964+
وریا فەتاح
هەرچەندە شەپۆلى گەرما و کەمبارانى زۆربەى کانی و سەرچاوەکانی ئاوى وشککرد، بەڵام ژمارەیەک گەنجی گوندی کانی وەتمان، بوونەتە فریادڕەسی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان بە هەڵکەندنى ژمارەیەکى زۆرى قۆڵت و پڕئاوکردنى، رێگرى دەکەن لە تینوێتى ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان.
ئاکار عوزێر، یەکێک لە گەنجە بەشداربووەکان، بە 964ـی وت، “ئەمساڵ وشکەساڵییەکی سەختە و زۆربەی کانی و سەرچاوەکان وشکیان کردووە، بۆیە ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان لەوپەڕی پێویستیدان بۆ ئاوی خواردنەوە.”
ئەو گەنجانە بە هەوڵی خۆیان زیاتر لە 150 قۆڵتى بچوکیان لە شێوەی دەفری ئاودا لە شوێنە جیاجیاکانی دەوروبەری گوندەکە داناوە و بەردەوام پڕیان دەکەنەوە لە ئاو.
وەک ئەوەى ئاکار باسى دەکات، لەگەڵ چوار هاوڕێی دیکەى، بڕیاریاندا بەم کارە هەستن تا لەم گەرما پڕتینەدا، جوانیی سروشتی ناوچەکەیان بپارێزین.
ئەوان بەمەوە ناوەستن و وەک ئاکار دەڵێت: بڕیارمانداوە پڕۆژەکەمان گەورەتر بکەین و چەند چاڵێکی ئاویش لە سنووری گوندەکەمان هەڵبکەنین، تا دڵنیابین هیچ گیانلەبەرێک بەهۆی تینوێتییەوە لەناوناچێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح