"ئەگەر نەوەستین تەقەمان لێدەکەن"

جوتیارانی داودە: گرووپێکی رێگر سەرانەمان لێوەردەگرن

+964

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

لە دەستپێکی وەرزی دروێنەی جوتیاران، لە ناوچەی داودەی سنوری خورماتوو گرووپێک پەیدابوون سەرانە لە جوتیاران و بارهەڵگرانی ناوچەکە وەردەگرن و تەنانەت هەر باهەڵگرێک سەرانە نەدات و بڕوات تەقەی لێ دەکرێت.

بە وتەی دانیشتووانی ناوچەی داودەی سنووری خورماتووە ئەمساڵ جگە لە رێگرییەکانی سوپای عێراق لە بازگەی چینکۆکەی گوندی “خدر وەلی”، ئێستا گرووپێکی دیکەی رێگر پەیدا بوون و هاوشێوەی بازگەکانی سوپا، رێگری لە جوتیاران دەکەن.

مەریوان مەجید، هاوڵاتییەکی ناوچەی داودەی سنوری خورماتووە بە 964ـی وت، “ناهێڵن گەنم ببەینە سایلۆی قەزاکە و رێگریمان لێ دەکەن، مەگەر سەرانە بدەین و بۆ هەر بارهەڵگرێکیش بڕی 850 هەزار دینارمان لێ وەردەگیرێت، بە پێچەوانەوە ناهێڵن تێپەڕبین و داواکارین لایەنی پەیوەندیدار بێت بەهانامانەوە”.

خالد حەمید، جوتیارێکی تری ناوچەکەیە و بە 964ـی وت، جگە لە گواستنەوەی گەنمەکانیان تەنانەت رێگری لە گواستنەوەی ئاژەڵ و مەڕوماڵات و تەنانەت خۆراکیش دەکەن و ناهێڵن بیگوازنەوە، مەگەر بە پارە رازیان بکەین و ئەوجا رێگەمان پێ دەدەن لە بازگەکە.

964 پەیوەندی بە وەهاب ئەحمەد، بەڕێوبەری ناحیەی زینانە – نەوجول کرد، ئەو وتی، “ئێمە وەک حکومەت و ناحیە هیچ لیژنەیەکمان نییە مۆڵەتی دابێت باج و پارە وەربگرێت لە هاوڵاتیان، بەڵام دەسەڵاتەکانمان سنووردارە و سەرووی خۆمان لەم دۆخە ئاگادارکردووەتەوە، باس لەوەش دەکرێت گرووپێک لەوێە و بەناوی لایەنێکەوە باج لە جوتیار و بارهەڵگرەکان وەردەگرن”.

وتیشی، پێشتر کۆمەڵێک لە شۆفێری بارهەڵگرەکان هاتوونەتە لایان و ئەویش پێی وتوون لە دادگا سکاڵا لەوانە بکەن، کە داوای باج و سەرانەیان لێدەکەن، ئاگاداریش کراون ئەو کەسانەی کە رێگری لە جوتیارن دەکەن، ئەگەر بۆیان نەوەستن ئەوا تەقەیان لێ دەکرێت.

ساڵانێکە جوتیارانی ناوچەی داودەی سنووری خورماتوو بەدەست رێگری و گێچەڵەکانی بازگەی چینکۆکەی سوپای عێراقەوە دەناڵێنن، هێشتا ئەو کێشەیە چارەسەر نەبووە، کەچی گرووپێکی دیکەی رێگر پەیدابوون.

پێداچوونەوە: هاوبەش

پۆلیسێک دەستگیرکرا کە سەرانەى لە بازرگانان وەرگرتووە

پۆلیسێک دەستگیرکرا کە سەرانەى لە بازرگانان وەرگرتووە