مۆلیدەکانیان سووتان
بەم گەرمایە؛ رەنگە لایەکى زەڕایەن بێ کارەبا بێت
964+
بڕوا مەجید_زەڕایەن
بەهۆى ئاگرکەوتنەوە لە شوێنێکى مۆلیدەى ئەهلى لە زەڕایەن، دوو مۆلیدە سووتان و 450 ماڵ بێ کارەبا بوون.
ئاوەرە حەمە شەریف، بەڕێوبەری ناحیەی زەڕایەن بە 964ـى وت،” کاتژمێری 1:30 خولەکى ئەمڕۆ شەممە، ئاگر لە شوێنێکى مۆلیدەی گەڕەکی رۆشنبیرانی ناحیەکەمان کەوتەوە، دەست بەجێ تیمەکانی بەرگری شارستانی قەزای شارەزوور و ناحییەی زەڕایەن ئاگادارکرانەوەو بەزووی ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵکرد، بەڵام بەهۆی ئاگرەکەوە دوو مۆلیدەی گەورەی گەڕەکەکە سوتان و زیان بەدانەیەکی تریشیان گەشتووە”.
وەک باسى دەکات، لە پاترى مۆلیدەکانەوە ئاگرەکە دروستبووە، بەڵام بەهۆى سووتانیانەوە 450 ماڵى زەڕایەن بێ کارەبا دەبن.
بەهۆى ئەوەى ئێستا جەنگەى گەرمایە و پلەکانى گەرما بەرزن، ناحیەى زەڕایەن قسەیان لەگەڵ وێستگەى کارەباى شارەزوور کردووە، تا مۆلیدەکان دادەنرێنەوە کارەباى ئەو ماڵانە نەبڕن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح