سێ کوژرا و 70 بریندار
ئیسرائیل وردەکارى زەرەر و زیانەکانى ئاشکرا کرد
964+
وریا فەتاح
میدیاى ئیسرائیلى ئاشکراى کردووە لە هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل؛ سێ کەس کوژران 70 کەسیش بریندارن. دەشڵێت: “رێگەمان داوە 50 موشەک بکەونە خوارەوە خۆمان رێگریمان نەکردووە لێیان”
شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشێکی چڕی کردە سەر ئیسرائیل، وەک ئەوەى میدیاى ئیسرائیل ئاشکراى کردووە، بەهۆیەوە سێ کەس کوژران و نزیکەی 70 کەسی دیکەش برینداربوون.
کوژراوەکان سێ کەسن کە ئەمانەن:
ئینگڵ، شەوی رابردوو لە هێرشێکی مووشەکیدا بۆ سەر شاری رامات گان لە ناوەڕاستی ئیسرائیل کوژرا.
یسرایل ئەلۆنی، تەمەن 73 ساڵ، لە هێرشێکدا بۆ سەر شاری ریشۆن لزیۆن لە ناوەڕاستی وڵات کوژرا.
کەسێکی دیکە کە هێشتا ناسنامەکەی ئاشکرا نەکراوە، لە هەمان هێرشدا کوژراوە.
وەک ئەوەى میدیاى ئیسرائیلى ئاشکراى کردووە، ئێران نزیکەى 200 موشەکى بالیستى ئاراستەى ئیسرائیل کردووە و زۆربەی مووشەکەکان لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە خراونەتە خوارەوە.
هەرچى سوپاى ئیسرائیلە رایگەیاندووە کە نزیکەى 25%ـى موشەکەکان (کەمتر لە 50 دانە)، بەپێى پرۆتۆکۆڵ رێگریان لێنەکراوە، واتە رێگەیان پێدراوە لە ناوچە کراوەکان بکەونە خوارەوە بەبێ ئەوەی زیان بە ژێرخانی گرنگ بگەیەنن.
روونیشى کردووەتەوە، ژمارەیەکى کەمى موشەکەکان بەبێ خستنەڕووى ژمارەکەیان، توانیویانە بگەنە ئامانج و لە ناوچەی نیشتەجێبوون لە تەلئەبیب، رامات گان و ریشۆن لزیۆن بکەونە خوارەوە.