ئاسمان بێدەنگە
سوریا ئاسمانی خۆی بەڕووی فڕۆکەی مەدەنی کردەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی سوریا کردنەوەی ئاسمانی سوریای بە تەواوی بەڕووی فڕۆکەوانی مەدەنیدا راگەیاند.
ئەوەش دوای کۆتایی هاتنی ئەو هەلومەرجەی کە لە ماوەی رابردوودا پێویستی بە داخستنی کاتی هەندێک لە رێڕەوی ئاسمانی کرد.
دەسەڵاتەکە لە بەیاننامەیەکدا کە لە کەناڵی تێلێگرامی خۆیدا بڵاویکردووەتەوە ئەمڕۆ شەممە 14.6.2025 پشتڕاستی کردووەتەوە، کە ئاسمانی سوریا ئێستا بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی سەلامەتی، سەلامەتە و بەردەستە بۆ بەکارهێنان.
هەروەها هەموو رێڕەوی ئاسمانی بە ئەوانەی فڕۆکەخانەکانی سوریا بە تۆڕی ئاسمانی نێودەوڵەتییەوە دەبەستنەوە، ئێستا کراوەن بۆ فڕۆکەوانی مەدەنی.
دەسەڵاتەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە بەردەوام چاودێری دۆخی ناوچەکە دەکرێت، لە ئەگەری پێویستدا بۆ پاراستنی بەرزترین ئاستی سەلامەتی و ئاسایش لە ئاسمانی سوریا، رەنگە رێوشوێنی زیادە بگیرێتەبەر.
هاوکات، دەسەڵاتی مەدەنی فڕۆکەوانی عێراق ماوەی قەدەغەی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ کاتژمێر 1:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە درێژکردەوە.