ئێران خۆی وادەڵێت
پیسبوون لە بنكەی ئەتۆمی نەتەنز روویداوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بەهرۆز کەمالوەندی وتەبێژی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران ئاشكرای كرد، پیسبوونی لە ناو دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز پشتڕاستکردەوە.
کامالوەندی بە میدیاكانی وڵاتەكەی وت: “ئامانج لە چاودێریکردنی پیسبوون، چ کیمیایی بێت یان تیشکی، تەنیا لە ناوەوەی شوێنەکەدایە، بەڵام هیچ نیشانەیەکی پیسبوونی دەرەکی نییە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، پێویست ناکات نیگەرانی لە بارەی ناوچەکانی دەوروبەر هەبێت، بەڵام پێویستە هەندێک ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوە لەناو دامەزراوەکەدا ئەنجامبدەن.
کەمالوەندی هەروەها هێرشی کردە سەر ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و وتی: چەند جارێک پەیوەندیمان بە بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسەوە کردووە، هیچ وەڵامێکمان پێنەگەیشتووە، كە وەک لایەنی بەرپرسیار، گرنگی بەو هەڕەشانە بدات کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بەڵام ئەو وای نەکردووە.
ئاماژەی بەوەش کرد: لە چاوپێکەوتنێکی میدیایدا، بەڕێوەبەری گشتی ئەو هەڕەشانەی وەرگرتووە لەبری ئەوەی تاوانباریان بکات، پێشتریش پەیاممان هەیە کە داوامان لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە دەستوەردان نەکەن، چونکە ئەو هەڕەشانە بە مەترسی نێودەوڵەتی دادەنرێت.
کەمالوندی دوایین راپۆرتی ئاژانسەکەی بە “سیاسی و لایەنگری” وەسف کرد و ئاماژەی بەوەدا کە “ئەو راپۆرتە رەنگدانەوەی بوونی بزووتنەوەیەکی یەکگرتووە لەبەردەم وڵاتانی رۆژئاوادا، هەروەها ئاژانسەکە چیتر وەک ئەوەی بڕیارە بێلایەن نییە، بەڵکو لەبری ئەوە راپۆرتی بە لایەنگری خستووەتەڕوو”.
لە بارەی هێرش بۆ سەر بنكەی ئەتۆمی نەتەنز، ئیسرائیل رایگەیاندووە، بنكەكەی بە تەواوی وێران كردووە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ ئیسرائیل هێرشی فراوانی كردەسەر ئێران و تا ئێستا سێ فەرماندەی گەورەی سەربازی و شەش زانای ئەتۆمی كوژراون، جگە لە بۆردومانكردنی چەند بنكەیەكی ئەتۆمی و سەربازی لە سەرانسەری ئێران، ئەمە جگە لەوەی 121 كەس لە 12 پارێزگای ئێراندا بریندار بوون.