دەبێت بەرپەرچی ئیسرائیل بدرێتەوە

عێراق لەزاری وتەبێژەوە ئیدانەی توندی هێرشەکەی کرد

محەمەد فاتیح

دوای ئەوەی ئیسرائیل بە توندی هێرشی كردە سەر ئێران و ناوەندە ئەتۆمیەكانی پەكخست و بە دەیان سەركردە و زانای ئەتۆمی ئەو وڵاتە كوژران لە هێرشەكەدا، حكومەتی عێراق بەیاننامەیەكی توندی دژ بە ئیسرائیل بڵاوكردەوە.

نووسینگەی سەرۆك وەزیرانى عێراق بڵاویكردەوە حكومەتی كۆماری عێراق بە توندترین شێوە ئیدانەی دەستدرێژیە سەربازیەكەی ئیسرائیل دەكات بۆ سەر خاكی ئێران.

وتيشى، “هێرشەكەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران پێشێلكردنی زەقی بنەما سەرەكیەكانی یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوەیەكگرتوەكانە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتی”.

دەشڵێت، “پێویستە هەڵوێستی نێودەوڵەتی تەنها لە دەركردنی بەیاننامەدا خۆی نەبینێتەوە، بەڵكو دەبێت هەنگاوی پڕاكتیكی بەرامبەر بە ئیسرائیل بنێت و بەرپەرچی بداتەوە”.

“ئێمە هاودەنگيی خۆمان بۆ گەلی ئێران دەردەبڕین و دووپاتی دەكەینەوە پابەندین بە بنەماكانی سەروەری و بەكارنەهێنانی هێز و یەكلایی كردنەوەی ناكۆكیەكان بە شێوەیەكی ئاشتیانە”.