"ئۆتۆمبێلەکانمان وێران بوون"

شۆفێرانی مەرزی کێلێ مانیان گرت و هاتوچۆی مەرزەکە پەکیکەوت

+964
محەمەد عەلی ـ پشدەر

بەهۆی خراپیی رێگای مەرزی کێلێ لە سنووری راپەڕین، سەرجەم شۆفێرانی بارهەڵگری مەرزەکە مانیان گرتووە و نەچوونەتە مەرزەکە، شوفێرەکان دەڵێن، تا رێگاکەمان بۆ چاک نەکرێت ناچنەوە مەرزەکە و بار ناهێنن.

سەرکەوت عەبدولڕەحمان، شوفێری بارهەڵگری مەرزی کێلێیە، ئەمڕۆ چوارشەممە 11.6.2025، بە 964ـی وت، رێگای قەڵادزێ بۆ دارەشمانە زیاتر لە یەک ساڵە کاری تێدادەکرێت و نۆژەن دەکرێتەوە و ئێستا داخراوە، بە شێوەی کاتی هاتوچۆیان بە رێگای گوندی کانیلاندا بۆ کراوەتەوە، رێگایەکەش خۆڵە و زۆر خراپە، زیانی زۆر بەر ئۆتۆمبێلەکانیان دەکەوێت و سەخته.

وتیشی، “بەم هۆیەوە ئەمڕۆ سەرجەم شۆفێران مانمان گرت، تا رێگای سەرەکی مەرزی کێلێمان بۆ قیرتاو نەکرێت، ناچینەوە.

حوسێن محەمەد، یەکێکی ترە لە شۆفێرانی بارهەڵگری مەرزی کێلێ، ئەویش وتی، “دەبوو زووتر كارەكانی رێگای دارەشمانە تەواو کرابایە، بەشێکی رێگایەکە قیر کراوە و بەشێکی ماوە، لە بری ئەو رێگایە ئێمە بە رێگای گوندی کانیلادا هاتوچۆی مەرزەکە دەکەین زۆر سەختە و زیانی زۆر بەر ئۆتۆمبێلەکانمان دەکەوێت”.

وتیشی، رێگایەکە هەورازەو خۆڵە، تایەیی بانسی ئۆتۆمبێلەکانمان وێران دەکات، “مەترسی زۆریشی بۆسەر گیانمان هەیە، لەوەرزی زستانیشدا خراپترە بەورێگایەدا ناچینەوە چونکە زیانمان زیاترە لەقازانج داواکارین رێگای دارەشمانەمان بۆتەواو بکەن، بۆئەوەی ئێمەش بەئاسایی بچین و مەرزەکەش پەکی نەکەوێت“.

عەباس عەزیز بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕین بە 964ـی وت، ئەمڕۆ شوفێرانی مەرزی کێلێ مانیان گرتووە مەرزەکە پەکی کەوت، شۆفێرەکان دەڵێن ئەو رێگا کاتییەی هاتوچۆی پێدا دەکەن، سەختە و ناخۆشە و زیانی زۆر بەر ئۆتۆمبێلەکانیشیان دەکەوێت.

وتیشی، ئێمە پشتگیریشیان دەکەین کە رێگایەکە ناخۆشە، بەڵام رێگای تر نییە و ناچارن بەو رێگایەدا هاتوچۆ بکەن.

بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕین دەڵێت، درێژیی رێگای مەرزی کێلێ زیاتر لە ساڵێکە کاری تێدا دەکرێت و نۆژەن دەکرێتەوە و قیردەکرێت، لە قەڵادزێوە بۆ گوندی دارەشمانە 11 کیلۆمەترە و پێنج کیلۆمەتری ماوە تەواو ببێت.

بە قسەی عەباس عەزیز، ژمارەی بارهەڵگرەکای مەرزی کێلێ، 360 ئۆتۆمبێلە، ئێستاش رۆژانە 150 بۆ 250 بارهەڵگر لە مەرزى کێلێوە هاتوچۆ دەکەن و 800 بۆ 1000 کەسیش لە نێوان هەرێم و رۆژهەڵاتی کوردستان دێن و دەچن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

مەرزی کێلێ کرایەوە و هاتوچۆی مەرزەکە ئاسایی بووەوە

مەرزی کێلێ کرایەوە و هاتوچۆی مەرزەکە ئاسایی بووەوە