رادەستکردنی گەنم لە ناوچەی تازەی کەرکوک - وێنە: بۆ 964 نێردراوە
لە ناحیەی تازە
کۆمپانیایەک گەنمی لە کەرکوکییەکان وەرنەگرت درا بە دەستپاکی
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، چەند کۆمپانیایەکی تایبەت کردووە بە وەرگرتنی گەنم و جۆی جووتیاران، بۆ ئەوەی فشاری زۆر لەسەر سایلۆکان نەبێت لە کاتی وەرزی دروێنە و وەرگرتنی بەروبوومی جوتیاران،
یەکێک لەو کۆمپانیایانە کە دەکەوێتە نزیک گوندی عەبادات لە نزیک ناحیەی تازەی کەرکوک، بەهۆی ئەوەی بەرهەمی جووتیارانی کەرکوکی وەرنەگرتووە و بەرهەمی شارەکانی دیکە وەرگرتووە، کار دەکرێت بۆ ئەوەی بدرێتە دەستەی دەستپاکی.
ئەمڕۆ یەکشەممە 8.6.2025، دیلان غەفوور، ئەندامی پەڕلەمانی عێراق بە 964ـی وت، دوای ئاگادار کردنەوەمان لەلایەن جووتیارانی شارەکەوە، کە کۆمپانیای “مابين نەهرين” گەنمی جووتیارانی وەرنەگرتووە، دوای بەدواداچوونمان دەرکەوت ئەو کۆمپانیایە سەرپێچی یاسای کردووە و گەنمی شارەکانی دیکەی وەرگرتووە لەکاتێکدا دەبوایە سەرەتا گەنمی کەرکوک وەربگرێت.
بە قسەی ئەو پەڕلەمانتارە، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە ئەو دۆسیەیە دەدەنە دەستەی دەستپاکی بۆ وەرگرتنی رێکاریی یاسایی بەرامبەریان، هەروەها وەزیری کشتوکاڵی لێ ئاگاداردەکەنەوە، بۆ ئەوەی بە زووترین کات رێکاری بگرێتەبەر و گەنم لە جووتیارانی کەرکوک وەربگیردرێت.
پێشتر، حەسەن حەمید بەڕێوەبەری سایلۆی کەرکوک وتبووی، ساڵی رابردوو 547 هەزار تۆن گەنمیان وەرگرتووە و بۆ ئەمساڵیش چوار شوێن دیاریکراوە بۆ وەرگرتی گەنمی جوتیاران.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا