مەزڵوم عەبدی و عەبدوڵا ئۆجەلان - وێنە: ئاژانسەکان
رۆژنامەیەکی تورکی وای بڵاوکردووەتەوە
“مەزڵوم بۆ پرسی چەکدانان داوای دیداری ئۆجەلانی کردووە”
964+
ئەحمەد مستەفا
بێ ئەوەی لایەنی بەرامبەر پشتڕاستی زانیارییەکان بکاتەوە، رۆژنامەی جمهوریەتی تورکی دەڵێت، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە”، داوای دیداری عەبدوڵا ئۆجالانی کردووە.
بە گوێرەی رۆژنامەکە عەبدی لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتی و لە دوورگەی ئیمراڵی، داخوازی هەیە دیدارەکە ئەنجامبدا.
ئەمڕۆ یەکشەممە 8.6.2025، بە گوێرەی هەواڵی رۆژنامەکە، مەزڵوم عەبدی داوای کردووە سەردانی تورکیا بکات، بەڵام تورکیا ئەم داوایەی رەتکردووەتەوە.
رۆژنامەکە پشتی بە چەند سەرچاوەیەکی خۆی بەستووە و دەڵێت، تائێستا هیچ دیدارێکی رەسمی لەنێوان مەزڵوم عەبدی و حکومەتی تورکیا ئەنجام نەدراوە.
هەر بۆیە پێشتر، عومەر چەلیک وتەبێژی ئاکپارتی وتبووی، هیچ دیدارێکی فەرمی لەنێوان هەسەدە و بەرپرسانی حکومەتی تورکیادا ئەنجام نەدراوە و ئەگەر دیدارێک بکرێت ئاژانسە هەواڵییەکانی تورکیا بڵاویدەکەنەوە.
ئامانجی مەزڵوم عەبدی وەک رۆژنامەنووسەکە باسیکردووە، گفتوگۆکردنە لەسەر پرسی دانانی چەک.