فڕۆشگاى خواردنەكە داخراوە
بەدەیان كەس لە فەلوجە ژەهراوی بوون و رەوانەی فریاكەوتن كران
964+
محەمەد فاتیح
لە دووم رۆژی جەژنی قوربان و لە دوای ئەوەی سەدان كەس لە هەرێمی كوردستان سەردانی نەخۆشخانەكانیان كردووە، تەندروستی ئەنبار بڵاویكردەوە بەدەیان حاڵەتی ژەهراویبوون بە خۆراک لە فەلوجە تۆمارکراون.
ئەمڕۆ شەممە 7.6.2025 فەرمانگەی تەندروستی فەلوجەى سەر بە پارێزگای ئەنبار بڵاویكردەوە هۆبەی چاودێری تەندروستی لە بەشی تەندروستی گشتی فەلوجە 40 حاڵەتی ژەهراویبوونی بە خۆراک تۆمارکردووە کە بۆ ژووری فریاکەوتنی نەخۆشخانەی فێرکاریی فەلوجە بۆ چارەسەر گواستراونەتەوە و فرۆشگایەكی خواردنی خێراش داخراوە، كە بووەتە هۆی ژەهراویبوونیان.
دەشڵێت، “رێوشوێنەكان دوای ئەوە گیرانەبەر کە گومان دەكرێت گۆشتی بەکارهێنراوی ئەو فڕۆشگایە هۆكاری ژەهراویبوونەكە بووبێت و خۆراکەكانی فڕۆشگاكە دەستی بەسەردا گیراوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان رەوانەی پشکنینی تاقیگەیی کراوە”.
دڵنیاییشی دا کە “تیمەکانی پشکنین راستەوخۆ بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە دەکەن، هەروەها رێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر بە لایەنی سەرپێچیکار دەگیرێتەبەر ئەگەر بێتوو بسەلمێنرێت کە خەلەل یان کەمتەرخەمی هەبووە لە جێبەجێکردنی ستانداردەکانی تەندروستی و سەلامەتی گشتی”.