شەڕى دوو زەبەلاحەکە بەرەو کوێ دەچێت؟

ماوەى هەنگوینى ترەمپ و مەسک تاڵى تێکەوت

964+

وریا فەتاح

ماوەى هەنگوینى ترەمپ و مەسک گۆڕاوە بۆ دۆخێکى تاڵ و رووبەڕوبوونەوەى یەکترى، رەنگە یەکەم پرسیار کە لێرەدا دروست ببێت ئەوەیە کاتێک دەوڵەمەندترین کەسی جیهان و بەهێزترین سیاسییەکەی دەکەونە شەڕێکی گەورەوە چی روودەدات؟، یان بۆچى نێوانى ترەمپ و مەسک لە دۆستایەتییەکى قوڵەوە گۆڕا بۆ شەڕ و ناکۆکى.

ناکۆکییەکە چۆن دروست بوو؟

ناکۆکییەک لە نێوان ئیلۆن ماسک و دۆناڵد ترەمپ کە هەفتەی رابردوو بە هێمنی دەستیپێکرد، رۆژی چوارشەممە گەرم بوو و ئێستا گەیشتووەتە لوتکە. وەک هەموو کارێکی دیکەی ئەم دوو پیاوە، هەموو شتێک لەبەرچاوی خەڵکدا روودەدات، چونکە خاوەنی دوو لە گەورەترین مینبەرەکانی جیهانن یەکێکیان دەوڵەمەندترین کەسى جیهانە و ئەوەى تریش سەرۆکى زەبەلاحترین وڵات کە نەخشی سیاسى بەسەر هەموو دنیاوەیە.

لە وتارى ئەمڕۆ پێنجشەممەدا، ترەمپ سەرسوڕمانى خۆى پیشاندا بەرامبەر رەخنەکانى ئیلۆن مەسک کە لە یاساى باج و خەرجییەکانى گرتبوو، ئەوەشى رەتکردەوە کە پشتیوانى دارایى مەسک نەبوایە ترەمپ هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى دەدۆڕاند و وتى،”مەسک تەنها لەبەر ئەوە قسەکانی گۆڕیوە، چونکە کۆمپانیاکەی، تێسلا، بەهۆی هەوڵی کۆمارییەکانەوە بۆ کۆتاییهێنان بە داشکاندنی باجی ئۆتۆمبێلی کارەبایی زەرەر دەکات”.

هەر دواى ئەم قسانە، مەسک لە ئێکس وەڵامى ترەمپى دایەوە و نوسیویەتى،” گرنکى بە یارمەتییەکانى ئۆتۆمبێل نادەم، بەڵکو دەمەوێت قەرزى نیشتمانى کەمبکەمەوە”، بە وتەى خۆى ئەمە هەڕەشەیە لەسەر وڵات. هەربۆیە ترەمپى بە “نەزان” وەسفکرد.

لەماوەکانى رابردوو و بە دێژایى ماوەى بانگەشە و هەتا سەرکەوتنى ترەمپیش، مەسک و ترەمپ بەردەوام پێکەوە دەردەکەوتن، تەنانەت وەزارەتى کارایى حکومەت کە بۆ کەمکردنەوەى خەرجییەکان بوو، لەلایەن ترەمپەوە سپێردرابوو بە مەسک، بەڵام دواى 130 رۆژ مەسک دەستى لە پۆستەکەى هەڵگرت و لێرەوە ماوەى هەنگوینى ئەم دوو زەبەلاحە، بەرەو تاڵى رۆیشت.

پرسیاری سەرەکی ئێستا ئەوەیە ناکۆکییەکە بەرەو کوێ دەڕوات. کۆمارییەکان لە کۆنگرێس رەنگە تووشی زەحمەتی ببن بۆ هێشتنەوەی ئەندامەکانیان لە پشتی پڕۆژەیاساکەی ترەمپەوە، لە کاتێکدا ماسک پشتگیریی وتار و رەنگە دارایی پێشکەش بەو کەسانە بکات کە لە ریزەکان جیادەبنەوە.

چاوەڕێ دەکرێت، ئەم ناکۆکییەى ترەمپ و مەسک درێژە بکێشێت، هەربۆیە مەسک وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو کەسانەى پشتگیرى دەکەن لە ئێکس نوسیویەتى،”ترەمپ سێ ساڵ و 5 مانگى ماوە لە سەرۆکایەتیدا، بەڵام من 40 ساڵ و زیاتریش لێرە دەبم”.

ترەمپ بوو بە سەرۆک کەچى ئیلۆن مەسک قازانجى کرد

ترەمپ بوو بە سەرۆک کەچى ئیلۆن مەسک قازانجى کرد