کلتورێکى کوردەوارییە
بۆ جەژن دەورووبەرتان لەبیر مەکەن
964+
دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى
بەهۆى دواکەوتنى موچە و دۆخى دارایى، بەشێکى زۆرى ئەو کەسانەى تەنیا سەرچاوەى داراییان موچەیە بۆ ئەم جەژنە توشى گرفت دەبن، هاوڵاتیانیش پێیانوایە، هاوکاری کردنى دەورووبەر و هاوسێ و کەسووکار گرنگ و پێویستە.
جاران گیانى هاوکارى بەهێزتر بوو
زیلان کەریم کە لەیەکێک لە فەرمانگەکانى سلێمانى فەرمانبەرە، سەرەڕاى ئەوەى موچەکەى دواکەوتووە و دۆخى دارایى وەک پێویست نییە، بەڵام بۆ ئەم جەژنە نەدارانى لەبیر نەکردووە و وەکخۆى دەڵێت، هاوکارى چەند خێزانێکى کەمدەرامەتى کردووە.
ئەو پێى وایە، گرنگە لەو دۆخانەدا دەورووبەرمان لەبیر نەکەین و هاوکاربین.
بەوتەى رەنجدەر حەسەن، گرنگە ئەگەر بەقەرزیش بێت تا ئەوکاتەى موچە دێت، ئەو کەسانە لەبیر نەکرێن کە بۆ ئەم جەژنە پارەى پیویستیان نییە.
عەلى قادر کە دنیادیدەیەکى خانەنشینە، بۆچونێکى جیاوازى هەیە و پێى وایە، جاران دڵ و دەروونى خەڵک لەگەڵ یەکترى باشتر بوو، هاوکارى و یارمەتیدان لە نێوان خزم و برا و دراوسێکان لە ئاستێکى بەرز بوو، بەڵام ئێستا وەک جاران نییە.
وتیشى،”من ئەزمونم کردووە، هەمیشە ئەوە دەزانم کە رەنگە موچە نەیەت، بۆیە پاشەکەوتکردن پێویستە و پێویستە فەرمانبەر ئەوەى لەبیر بێت”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح