چەند کارمەندێک سەرقاڵی چاککردنەوەی تۆڕی کارەبان.وێنە؛ وەزارەتی کارەبا
بەپێی بەدواداچوونی تۆڕی964
هەڵەبجە کەمترین و دهۆک زۆرترین کارەبای نیشتیمانی پێدەدرێت
+964
فەهمی نەبی
بەپێی ئەو بەدواداچونەی تۆڕی 964 کردوویەتی، لە پێدانی کارەبای نیشتیمانی پارێزگای هەڵەبجە کەمترینی پێدەدرێت، بەجۆرێک، لە مانگی شوبات لە شەو و رۆژێکدا، تەنیا چوار کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی پێدراوە، لەکاتێکدا لە دهۆک نۆ کاتژمێر و نیو کارەبا هەبووە.

بۆ مانگی شوبات، پارێزگای دهۆک، لەماوەی شەو و رۆژێکدا، 9:30 بۆ 10 کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی هەبووە.
لە پارێزگای هەڵەبجە، لەماوەی شەو و رۆژێکدا، تەنیا چوار کاتژمێر کارەبا دراوە بە هاوڵاتیان، لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێم کەمترین ئاستی پێدانی کارەبایە لە ئێستادا.
لە پارێزگای هەولێر، لە ماوەی شەو و رۆژێکدا، لەنێوان حەوت کاتژمێر بۆ نۆ کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی بە هاوڵاتیان دراوە.
پارێزگای سلێمانی، لەماوەی 24 کاتژمێردا، 8 بۆ 9 کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی هەبووە.
ئەمە لەکاتێکدایە وەزارەتی کارەبا ئەمڕۆ چوارشەممە 15.2.2023 رایگەیاند، توانای بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، چوار هەزار مێگاوات کارەبایە، لەکاتێکدا خواستی کارەبا بۆ تەواوی هەرێم حەوت هەزار مێگاواتە.