وەزارەتی كار بەڵێن بە 964 دەدات كێشەكە چارەسەر بكەن

هاوڵاتیان گلەیی لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی سلێمانی دەکەن

964+

محەمەد فاتیح

فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی سەر بە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی، ناو بەناوە بە دامودەزگا حكومیی و ئەهلییەكاندا دەگەڕێن و بەڵێنی ئەوە دەدەن كە مافی كرێكاران و فەرمانبەران دەپارێزن، بەڵام دواتر هەر وەڵامیشیان نادەنەوە.

964 بەدواداچوونی بۆ ئەم پرسە كردووە و بۆی دەركەوتووە هەر ئەوەندەی چوویتە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتیی سلێمانی و مامەڵەكانت پێشكەش كرد، ئیتر هیچ بەرچاوڕوونییەكت نادەنێ‌ و هەرچ پرسیارێكیان لێ‌ بكەیت دەڵێن دواتر خۆمان پەیوەندیت پێوە دەكەین و تۆش دەبێت هەر چاوەڕێی ئەو پەیوەندییە بیت.

بەپێی یاسا هەموو كرێكارێك و كارمەندێك مانگانە لە 17% لە موچەكەی دەبڕن، تا لە پاش لە دەستدانی كارەكەی بیمەی بێ‌ كاری وەربگرێت، بەڵام كاتێك كارەكەت لە دەستدەدەیت و مامەڵەی بیمەی بێكاری لە سلێمانی پێشكەش دەكەیت، مافەكەت وەك خەونێكی لێ‌ دێت و یان هەر بەدی نایەت.

964 بۆ زانینی هۆكارەكان و چارەسەركردنی كێشەكە پەیوەندی بە ژمارە 5500وە كرد كە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی تەرخانی كردووە بۆ سكاڵای هاوڵاتیان، لە وەڵامدا وتیان، “خەڵكانێكی زۆر  لە شاری سلێمانی سكاڵایان لەسەر ئەو بابەتە بەرزكردووەتەوە و ئێمەش گەیاندوومانە بە لایەنی پەیوەندیدار و لە رێگەی 964وە بەڵێن دەدەین ئەو كێشەیە لە سلێمانی بە زووترین كات چارەسەر بكرێت”.

وتيشى، “دوای ئەوەی دیراسەی ئەم بابەتەمان كرد بەڕێوەبەری گشتیی دەستەبەری كۆمەڵایەتی بڕیاریداوە پێشكەشكردنی داواكاری بۆ وەرگرتنی بیمەی بێكاری لە هەرێمی كوردستان بكرێت به سیستم و پلاتفۆڕم، دووبارە دڵنیاییش دەدەین كە كێشەكەی سلێمانی بە زووترین كات چارەسەر بكەین”.