بریکارێکی دابەشکردنی خۆراک فۆڕمی بایەعیی کاغەزی بەدەستەوەیە _ فۆتۆ: 964
كوردستانیشی تێدایە
40 ملیۆن هاوڵاتی لە عێراق كارتی بایەعییان بۆ نوێدەكرێتەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت، 40 ملیۆن هاوڵاتی لە عێراق كارتی بایەعییان بۆ نوێدەكرێتەوە، دوای ئەوەی هەرێمی كوردستان و شاری بەسڕەش هاتنە ناو سیستمەكەوە.
وەزارەتی بازرگانی رایگەیاند، دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری بەسرە بە فەرمی پەیوەست بوون بە پرۆگرامی نیشتمانیی نوێكردنەوەی زانیارییەكانی فۆرمی خۆراك، زیاتر لە 40 ملیۆن هاوڵاتی خراونەتە ناو پرۆسەی نوێکردنەوەی داتاکانەوە.
محەممەد حەنون کەریم، وتەبێژی فەرمی وەزارەتەکە لە راگەیاندراوێكدا وتی، زیاتر لە 40 ملیۆن هاوڵاتی عێراقی خراونەتە ناو پرۆسەی نوێکردنەوەی داتاکانەوە، دوای ئەوەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و بەسرە بە فەرمی پەیوەست بوون بە پرۆگرامی نوێکردنەوەی داتا نیشتمانییەکان.
وتیشی، “هەفتەی داهاتوو کارکردن بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی نوێکردنەوەی داتا لە پارێزگاکانی زیقار و کەربەلاش دەستپێدەكات.
حەنون داوای لە هاوڵاتیان كرد لە ئێستاوە دەست بە نوێکردنەوەی داتاکانیان بكەن لە رێگەی ناوەندە دیاریکراوەکان یان پلاتفۆرمە ئەلیکترۆنییە پەسەندکراوەکانەوە.
“نوێکردنەوەی داتاکان هەنگاوێکی جەوهەرییە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامی و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە حکومییەکان و بۆ بنیاتنانی سیستمێکی دیجیتاڵی دادپەروەر و کاریگەر کە خزمەت بە هاوڵاتی عێراقی بکات”، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی وای وت.
بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتەكە، كە دوێنێ بڵاویكردەوە، پرۆسەی نوێکردنەوەکە پەیوەستە بە بەکارهێنانی کارتی نيشتمانى، لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی مۆبایلە زیرەکەکانەوە ئەنجام دەدرێت، کە لە ” App Store “بۆ ئایفۆن و ” Google Play ” بۆ ئامێرەکانی ئەندرۆید بەردەستە.