روفاتی مردووەکان دەگوێزرێنەوە

دۆزینەوەی گۆڕستانێکی مێژوویی پڕۆژەی کۆرنیشی زاخۆى راگرت

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

کارکردن لە قۆناغی کۆتایی پڕۆژەی کۆرنیشی زاخۆ لەسەر لێواری رووباری خابور بەردەوامە، بەڵام لە کاتی هەڵکۆڵینی زەوی لە تەنیشت رووبارەکە، ژمارەیەک گۆڕی کۆن دۆزرانەوە کە پڕبوون لە ئێسک و پروسکی مردووان. ئەم دۆزینەوەیە بووە هۆی راگرتنی کاتیی پڕۆژەکە.

ئەندازیار سەربەست عەبدولستار، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی کۆرنیشی زاخۆ، بە 964ـی وت: “ئاگاداری بوونی گۆڕستانێک نەبووین لەو شوێنەدا. چونکە هیچ کێلێک یان ئاماژەیەکى گۆڕستان لەو شوێنە نەبوو”.

” پڕۆژەکەمان بە شێوەیەکی کاتی ڕاگرتووە تا لایەنە پەیوەندیدارەکان بەم بابەتەوە کاری خۆیان ئەنجام بدەن”، سەرپەرشتیارى پڕۆژەکە واى وت.

لەلایەکی دیکەوە، حاجی ئەکرەم ئالانی، بەڕێوەبەری رێکخراوی ووناهی بۆ کاروباری مردووان، بە 964ـی راگەیاند:”رووپێوییەک (مەسحێک) بۆ شوێنەکە دەکەین و ئێسکەکان دەردەهێنین و دەیانخەینە ناو گۆڕێکی دیکەوە. دڵنیایی دەدەینە کەسوکاری ئەم مردووانە (ئەگەر هەبن) کە تاوەکو شوێنەکە لەو ئێسکانە پاک نەکرێتەوە و شوێنێکی گونجاو بۆیان دابین نەکرێت، کار لە پڕۆژەکەدا دەست پێناکاتەوە.”

بەپێی بەدواداچوونەکانی 964، مێژووی ئەم گۆڕستانە بۆ زیاتر لە 100 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. بەڵام بەهۆی کەڵەکەبوونی کەرەستە و پاشماوەی زۆر لەسەر گۆڕستانەکە، بوونی ئەو گۆڕستانە شاردرابووەوە و کەس ئاگاداری نەبووە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

فریاى گۆڕستانى سیکەنە بکەون

فریاى گۆڕستانى سیکەنە بکەون