بەشی چاودێری چڕ لە نەخۆشخانەی زاخۆ لەدایکبوو

964+

شڤان عەبدوڵا

ئەمڕۆ چوارشەممە، بۆ یەکەمجار بەشی چاودێری چڕ لە نەخۆشخانەی زاخۆی گشتیی لە قەزای زاخۆ کرایەوە.

پێشتر هەر نەخۆشێک پێویستی بە چاودێری چڕ هەبووایە، رەوانەی نەخۆشخانەکانی ناو شاری دهۆک دەکران.

ئەو بەشە، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی گوهدار شێخۆ سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کرایەوە.

ئەو لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وتی، “زیاتر لە پێنج مانگە خەریکی کردنەوەی ئەم بەشەین، هەروەها مزگێنی دەدەینە هاوڵاتیانی زاخۆ کە چەندین بەشی دیکەی پێویستی تەندروستی دەکەینەوە”.

لە لایەکی دیکە، ئەمیر عەلی، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی زاخۆ بە تۆڕی 964ی وت، بەشی چاودێری چڕ دەتوانێت چارەسەری حەوت نەخوش بکات بە تیمێکی 15 کەسییەوە کە راهێنانیان پێکراوە.

باسی لەوەشکرد، چیتر پێویست نابێت نەخۆشەکان بنێرن بۆ دهۆک ئەگەر پێویستیان بە چاودێری چڕ بێت.