گۆشتی قوربانی - وێنە: socialmedia
6ـى 6 جەژنە؟
ئەمڕۆ یەکەم رۆژى جەژنى قوربان دیارى دەکرێت
964+
وریا فەتاح
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 27.5.2025 سعودیە چاودێریی بینینی مانگ دەکات و یەکەمین رۆژی جەژنی قوربان دیاریدەکات، دادگاى باڵاى وڵاتەکەش هەرکەس مانگى بەچاوى خۆى بینى، بەزوویى پەیوەندی بە نزیکترین دادگای ناوچەکەیەوە بکات بە مەبەستی شاهیدیدان بە بینینی مانگ.
سالار حاجى عەلى، شارەزا لە بوارى گەردوونناسى بە 964ـى راگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر 6 و دوو خولەک و 18 چرکە، مانگ نوێ بووەوە و هیلالێکى نوێ لەدایکبوو.
دەشڵێت: ئێوارەى ئەمڕۆ هیلالى مانگ دەبینرێت، لەبەر ئەوەى لە کاتژمێر 10 و 10 خولەک و چرکەى 25ـى پێش نیوەڕۆ، 0.1%ـى هیلالى مانگ بە تەلەسکۆپ دەبیندرێت، دواتر بۆ ئێوارەی ئەمڕۆ لە کاتژمێر 7 و 17 خولەک لەکاتی بانگی ئێوارە بە کاتی شاری هەولێر 0.5%ـى نوێبونەوەی هیلالی مانگ دەبینرێت.
ئاشکراشى کرد، سبەینێ 28ـى ئایار مەراسمى فەریزەى حەج دەستپێدەکات و تا 9 رۆژ بەردەوام دەبێت.
ئەو گەردوونناسە روونیشى دەکاتەوە کە 6.6.2025 دەکاتە یەکەم رۆژى جەژنى قوربان.