پۆلیسی لیڤەرپوول: رووداوەكە تیرۆریستی نییە

27 كەس بریندار بوون و چواریان منداڵن

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

لەو رووداوەی شەوی رابردوو لە شاری لیڤەرپوولی بەریتانیا روویدا و ئۆتۆمبێلێک خۆی كرد بە ناو خەڵكدا، لە ئاماری كۆتاییدا 27 كەس بریندارن، كە چواریان منداڵن، پۆلیسی شارەكەش دەڵێت، بە دووری دەزانن رووداوەكە تیرۆریستی بێت.

لە كاتی ئاهەنگگێڕانی جەماوەری یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی بەبۆنەی بردنەوەی نازناوی خولی نایابی ئینگلتەرا، شەوی رابردوو ئۆتۆمبێلێک خۆی كرد بە ناو ئاپۆرای جەماوەر و لە ئەنجامدا 27 كەس بریندار بوون، كە چواریان منداڵن.

پۆلیسی بەریتانیا دەڵێت، وا لەگەڵ رووداوەكە مامەڵە ناكەن هەوڵێكی تیرۆریستی بێت.

یاریدەدەری فەرماندەی پۆلیسی ناوچەی مێرسیساید، جەینی سمیز لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی، “پێمان وایە ئەوە كارێكی تاكەكەسییە و ئێمە بە دوای كەسی دیكەدا ناگەڕێین كە پەیوەندی بە هێرشەكەوە هەبێت”.

ئاشكراشی كرد، پیاوێكی سپی پێستی بەریتانی، كە تەمەنی 53 ساڵە، دەستبەسەر كراوە، “وەک كارێكی تیرۆریستی مامەڵە لەگەڵ رووداوەكەدا ناكەین”.

هەر شەوی رابردوو لە دوای رووداوەكە، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا كیێر ستامەر لە تۆڕی ئێكس رووداوەكەی وەك “ترسناک” وەسف كرد و رایگەیاند، دڵیان لەگەڵ بریندارەكاندایە.

هاوكات بەپێی راگەیاندراوی ئەنجومەنی وەزیران “داونینگ ستریت”، سەرۆک وەزیران لەگەڵ سەرۆكی شارەوانیی لیڤەرپوول ستیڤ رۆترام قسەی كردووە.

كارەسات لە لیڤەرپوول روویدا

كارەسات لە لیڤەرپوول روویدا