بازگەى دارەمان لە سنوورى باکورى کەرکوک
بە 51 ئۆتۆمبێل بارکراوە
دەستگیرا بەسەر سەدان تۆن کەلوپەل کە لە هەرێمەوە بۆ عێراق نێردرابوو
ژووری هەواڵ
لە بازگەکانی عێراق، دەستگیرا بەسەر سەدان تۆن خۆراک و کەلوپەلدا کە لە هەرێمی کوردستانەوە بار کرابوون بەرەو ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند، هەوڵدراوە بە رێگەی قاچاغ سەدان تۆن خۆراک و کەلوپەل لە هەرێمی کوردستانەوە بگوازرێتەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق، بەڵام رێگریان لێکردووە.
کەلوپەلەکان لەنێو 51 ئۆتۆمبێلدا بوون و ویستویانە لە رسوماتی گومرگی بازگەکانی کەرکوک و نەینەوا و دیالە دەربازیان بێت، بەڵام دەستیان بەسەردا گیراوە و سەرجەم شۆفێرەکانیشیان دەستگیر کراون.
“بەشێک لەو کەلوپەلانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، بەڵگەنامەی ساختەیان هەبووە، هاوکات رێگەی قاچاخ بۆ تێپەڕاندنی بەرهەمەکان بەکارهێنراوە”، ئاسایشی نیشتمانی عێراق وا دەڵێت.
ئەو خۆراک و کەلوپەلانەی دەستیان بەسەردا گیراوە پێکهاتوون لە ئامێری ئەلیکترۆنی و کارەبایی، کەرەستەی جۆراوجۆری پزیشکی و بیناسازی، پەڕەی کانزا، پاککەرەوە، ئارد، و کەرەستەی تر.