"هاوڵاتیانیش حه‌زده‌كه‌ن بزانن كێ سه‌رپێچیكاره"
له‌مه‌ودوا چاودێریی بازرگانى سۆران ناوى سه‌رپێچیكاران بڵاوده‌كاته‌وه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى چاودێریی بازرگانیی سۆران پلانێكی نوێ بۆ كاره‌كانى جێبه‌جێده‌كات، کە له رێگه‌ى لیژنه‌یه‌کەوه چاودێریی بازاڕ ده‌كات و سه‌رپێچیكاران سزا ده‌دات، به‌ڵام له‌مه‌ودوا ناوى ئه‌و كه‌س و شوێنانه بڵاوده‌كاته‌وه، كه سه‌رپێچى ده‌كه‌ن.
سەفا سەیدخان دۆڵەمەڕی بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سۆران بە 964ـی وت، له‌مه‌ودوا رێكاره‌كانیان به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ى سه‌رپێچی ده‌كه‌ن توند ده‌بێت، ئه‌ویش بڵاوكردنه‌وه‌ى ناو و شوێنیانه.
وتیشی، “ئه‌مه داواكاری هاوڵاتیانیشه و حه‌زده‌كه‌ن بزانن كام شوێنكارى بازاڕه‌كه‌یان سه‌رپێچی كردووه، بۆ ئه‌وه‌ى بیانناسن و نه‌چن به‌لایانه‌وه”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، ئه‌وانه‌ى ناو و شوێنیان بڵاوده‌كرێته‌وه، له‌و كه‌سانه ده‌بن سه‌رپێچی گه‌وره ده‌كه‌ن، نموونه‌ى ئه‌وه‌ى هێنایه‌وه كه به‌م دواییه گۆشتێكی زۆرى خراپبوویان ده‌ست به‌سه‌رداگرتووه و پێیوایه ئه‌و جۆره سه‌رپێچیانه به گه‌وره هه‌ژمار ده‌كرێن و پێویسته ناوه‌كانیان بڵاوبكرێته‌وه.
به‌پێی رێكاره نوێیه‌كانى ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه، دواى سزادانى ئه‌م شوێنانه شوێنه‌كه‌یان داده‌خه‌ن، ئینجا ناوه‌كانیان بڵاوده‌كه‌نه‌وه.