هه‌زاران دۆنم ده‌چێنن
پردێ، كانگاى به‌رهه‌مهێنانى شووتییه و له بازاڕه‌كه‌شیدا گرانه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له پردێ هاوڵاتیان گله‌ییان له بازاڕى سه‌وزه و میوه هه‌یه، كه به‌رهه‌مى شووتى به گران ده‌فرۆشن، له كاتێكدا سنوورى ناحیه‌كه‌یان كانگاى به‌رهه‌مهێنانى ئه‌م میوه‌یەیه.
نرخى یه‌ك كیلۆ شووتى له بازاڕه‌كه 750 دینار بوو و چه‌ند رۆژێكه كراوه‌ته 500 دینار بۆ هه‌ر كیلۆیه‌ك.
شاهین خالید، به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندنى شاره‌وانیى پردێ به 964ـى راگه‌یاند، ساڵانه به هه‌زاران دۆنم زه‌وى به شووتی له‌لایه‌ن جوتیارانه‌وه ده‌چێندرێت و به‌رهه‌م ده‌هێندرێت، ده‌بوایه نرخى شووتیش له بازاڕدا زۆر كه‌م بوایه، به‌ڵام گرانییه‌كه‌ى گله‌یی و ره‌خنه‌ى له‌لایه‌ن هاوڵاتیان دروستكردووه.
وتیشی، “له زۆربه‌ى گونده‌كانى پردێ شووتى به‌رهه‌م ده‌هێندرێت و له رێگه‌ى عه‌لوه‌كانیشه‌وه بۆ ناوچه‌كانى باشوور و ناوه‌ڕاستى عێراق ده‌نێردرێت”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، هاوڵاتیان ده‌خوازن نرخى كیلۆیه‌ك شووتى له خوار 250 دینار بێت، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى جوتیاران ئازادانه به‌رهه‌مه‌كه‌یان ده‌فرۆشن، نرخه‌كه‌ى به‌رز داده‌نێن.
شووتى به‌رهه‌مێكی هاوینه‌یه له كۆتاییه‌كانى مانگى ئایار به‌رهه‌مه‌كه‌ى پێده‌گات و له هه‌ردوو مانگى حوزه‌یران و ته‌مووزیش له بازاڕه‌كاندا ساغ ده‌كرێته‌وه.