هۆکارەکەی مانگی رەمەزانە
نرخی عەمرە 150 دۆلار گران بووە
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
نرخی عەمرە لە 700 دۆلارەوە بووە بە 850 دۆلار. هۆکارەکەی خواستی زۆرە بەهۆی نزیکبوونەوەی مانگی رەمەزانەوە.
تۆڕی 964 دەزانێت، 150 کۆمپانیا لەهەرێمی کوردستان گەشتی عەمرە ئەنجامدەدەن، بەڵام خۆیان بەپێی ئەو خزمەتگوزارییەی پێشکەشی دەکەن نرخ دیاری دەکەن.
لە مانگی کانونی یەکەمی 2022، وەزارەتی ئەوقاف لەگەڵ کۆمپانیاکانی حەج و عەمرە رێککەوتن لەسەر ئەوەی نرخی عەمرە 700 دۆلار بێت، بەڵام لەئێستادا نرخەکە بۆ 850 دۆلار بەرز بووەتەوە.
حاجی عەبدولکەریم مەلا فایەق شارەزووری، خاوەنی کۆمپانیای باب ئەلکەعبە لەشاری سلێمانی بە تۆڕی964ی راگەیاند: نزیکبوونەوە لەمانگی رەمەزان و زۆربوونی خواست نرخەکەی بەو شێوەیە بەرز کردووەتەوە.
دەشڵێت، لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزاندا نرخەکە بەرزتر دەبێتەوە.
وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێم بڕی 50 دۆلار لە هەر عەمرەکارێک وەردەگرێت، بەڵام ئەو پارەیەش لەسەر هەمان ئەو بڕە دەدرێت کە عەمرەکار دەیدات بە کۆمپانیا.
نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێم بۆ تۆڕی964ی روونکردەوە، ئەو پارەیەی لە وەزارەت لە عەمرەکاران وەردەگیرێت، رسوماتە و لەعێراقیش هەیە و بەپێی رێنمایی دیاریکراوە.
“ئێمە نرخ دیاری ناکەین، کۆمپانیاکان خۆیان بەپێی ئەو خزمەتگوزارییەی پێشەکەشی دەکەن نرخەکانی دیاری دەکەن هاوڵاتیش خۆی سەربەستە لەگەڵ کام کۆمپانیایە عەمرەکەی دەکات”، نەبەز ئیسماعیل وای وت.