سێیەم حاڵەتى خنکان
تەرمى دوو مێردمنداڵى زاخۆ لە رووبارى خابووردا دۆزرانەوە
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
نیوەشەوى رابردوو، تەرمى دوو مێردمنداڵ لە رووبارى خابوورى زاخۆ دۆزرانەوە، ئەوەش سێیەم حاڵەتە لە رۆژى هەینییەوە تۆمار بکرێت.
کاتژمێر 12:50 خولەکى نیوەشەوى رابردوو، تەرمى دوو مێردمنداڵە تەمەن 16 ساڵانەکە لە رووبارى خابووردا دۆزراونەتەوە.
سەرەتا گەنجەکان دیارنەماون، بەرگرى شارستانى بەدواداچوونەکانى دەستپێکردووە و بیرى بۆ ئەوە چووە بچێت لە لێوارى خابوور بۆى بگەڕێن، دواتر لەوێ جلوبەرگى دوو مێردمنداڵەکە دەبینن و تەرمەکانیان دەدۆزنەوە.
جەمال هەسن، بەڕێوەبەرى بەرگرى شارستانى زاخۆ بە 964ـى وت،”دوو کاتژمێر بەدوایاندا گەڕاین، دواتر تەرمەکانیان لە رووبارى خابوور دۆزرانەوە”.
وەک ئاشکراى کرد، تەمەنى هەردوو مێردمنداڵەکە 16 ساڵە و پێکەوە خنکاون و پێکەوەش لە یەک جێگا تەرمەکانیان دۆزراونەتەوە و دواتر رەوانەى پزیشکى دادى کراون.
لە رۆژى هەینییەوە ئەوە سێیەم حاڵەتى خنکانە لە رووبارى خابوورى زاخۆ تۆمار دەکرێت، دواى ئەوەى رۆژى هەینیش گەشتیارێکى بە نەتەوە عەرەب لەوێ خنکا و بوو بە یەکەم حاڵەتى ئەمساڵ.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح